سەردێڕ:

هاتوچۆی هەولێر هاوڵاتییان لە کڕینی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-21

7463 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەربارەی بڕیاری تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و بێ سه‌ره‌تا رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلیان لە سەرووی ساڵی٢٠١٠یە و بێ سەرەتان بەناو ناکرێن.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، به‌پێی دوا بڕیاری وه‌زاره‌تی ناو‌خۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ سه‌ره‌تا و بێ تابلۆ تەنها ئەو مۆدێلانە دەگرێتەوە كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان ١٩٩٤تا٢٠١٠، بەڵام ئۆتۆمبێلی سه‌روو ٢٠١٠ ئەگەر بێ سەرەتا بن ئه‌و بڕیاره‌ نایانگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هێنراونەتە كوردستان تاوەکو مودێلی ٢٠١٦ تۆمارده‌كرێن به‌مه‌رجێك پێش ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ هێنرابنە ناو هه‌رێم.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داواش لە هاوڵاتییان دەکات، کە پاره‌ له ‌كڕینی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ خەرج نه‌كه‌ن كه بڕیاری تۆماركردنه‌کە نایانگرێته‌وه‌، چونكه‌ چه‌ند بازرگانێك ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلیان هێناوه‌ته‌ كوردستان، كه‌ مۆدێلیان سه‌رووی ئه‌و مۆدێلانه‌یه‌ و ‌به ‌هاوڵاتییانی ده‌فرۆشن، لەو رێگایەشەوە پاره‌یه‌كی زۆر كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممە وەزارەتی ناوخۆ لە بڕیارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوا وادە بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا‌ و بیانی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ ١٥ى حوزەیرانى ٢٠١٩ دەبێت.

هـ.ع