سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی سێی لە خەزێنەکان کردووە

دابەشکردنى موچە
فۆتۆ: 
2019-05-21

53203 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

وەزارەتى دارایی و ئابوریی حکومەتى هەرێم داواى لە خەزێنەکان کردووە، لیستى موچەى مانگى سێ ئامادەبکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، داوایان لە خەزێنەکان کردووە لیستی موچەی سەرجەم فەرمانبەران ئامادەبکەن بۆ دابەشکردنى موچەی مانگی سێ.

داواکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ لەکاتێکدایە، تا ئێستا کاتى دابەشکردنى موچەى مانگى سێى فەرمانبەران نازانرێت، بەڵام بە وتەى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی، ئەگەر بەغداد موچەیەک پێش جەژن دابەشبکات و بەشە موچەی هەرێمیش بنێرێت، ئەوا پێش جەژنى ڕەمەزان موچەیەک دابەشدەکەن.

بەپێی خشتەیەکى وەزارەتەکەش سبەینێ کۆتایی دێت بە دابەشکردنى موچەى مانگى دووى فەرمانبەران.

تا ئێستا سێ موچە بەبێ پاشەکەوت دابەشکراوە، بەڵام نازانرێت چۆنێتی دابەشکردنی موچەى مانگەکانى دیکە چۆن دەبێت.

ڕۆژى ٨ى ئازارى ٢٠١٩ حکومەتى هەرێم کۆتاییهاتنى سیستمى پاشەکەوتى ڕاگەیاند و، موچەى مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردووش بەبێ پاشەکەوت دابەشکرا.

ئ.ر