سەردێڕ:

یەکێتیی جوتیاران: خەریکە لەلایەن بەغداوە ڕووبەڕووى ستەمێکى گەورە دەبینەوە

فۆتۆ: 
2019-05-21

1079 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی جوتیارانى کوردستان داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى و پەرلەمان و حکومەتى هەرێم دەکەن ڕێگرى بکەن لە زیانگەیاندن بە جوتیاران کە نزیکە ستەمیان لێبکرێت.

یاسین قادر سەرۆکى یەکێتیى جوتیارانى کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ ئومێدى زۆریان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان هەیە، بەڵام خەریکە ڕووبەڕووى ستەمێکى گەورە دەبنەوە لەلایەن حکومەتى فیدڕاڵى و چەکدارى نەناسراوەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەیەکە چەکدارانى نەناسراو دەغڵودانى جوتیاران لە گوندەکانى سنورى مەخمور و دوبز و خانەقین دەسوتێنن و، سەرانە لە جوتیاران و خاوەن دەڕاسەکان وەردەگرن.

ڕاشیگەیاند، حکومەتى عێراق بە دوو ئاڕاستە بۆ یەک ئامانج کاردەکات، کە زیانگەیاندنە بە کەرتى کشتوکاڵ و جوتیاران، ئاڕاستەیەکیان ڕێگرى لە گەڕانەوەى پێشمەرگە دەکات بۆ ئەو ناوچانە و پاراستنى زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ئاڕاستەى دووەمیش بۆ ئەمساڵ بڕیارى وەرگرتنى تەنها ٢٤٠ هەزار تەن گەنمە لە جوتیارانى هەرێم، لەکاتێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن تەن بەرهەمى گەنمیان هەیە.

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆى رێگرى لە گواستنەوەى دەغڵودانى جوتیاران لە نێوان پارێزگاکاندا زیانى زۆریان بەردەکەوێت، ئەمە سەربارى خەرجنەکردنى شایستە داراییەکانیان بۆ ساڵانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦.

ب.ب