سەردێڕ:

حەسەن رۆحانی وەڵامى داواکاریى دانوستانى ئەمریکاى دایەوە

فۆتۆ: 
2019-05-21

20329 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ھەلومەرجی ئێستا بە ھیچ جۆرێک ھەلومەرجی دانوستان نییە، بەڵکو ھەلومەرجی خۆڕاگری و تێکۆشانە.

حەسەن رۆحانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینی شیعە مەزھەبی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەشت جار داوای دانوستانی کردووە و لە نێوان گەل و بەڕێوەبەرانی وڵاتیشدا بۆچوونی جیاواز نییە لەبەرامبەر سزاکانی ئەمریکا، وەک خۆی لایەنگری دانوستان و دیپلۆماسییەتە، بەڵام لەم ھەلومەرجانەدا بەھیچ شێوەیەک دانوستان پەسەند نییە.

وتیشی، بۆ ئەوەی ئێستا وڵات باشتر بەڕێوەبەرن پێویستیان بە میکانیزمی بڕیارە، چونکە لە جەنگی عێراق- ئێراندا ئەنجوومەنێک پێکھێندرا و ھەموو دەسەڵاتەکان لەدەست ئەو میکانیزمەدا بوون و " ئەمڕۆش کە لە جەنگی ئابووریداین پێویستیمان بە دەسەڵاتێکی لەمجۆرەیە".

سەرکۆماری ئێران باسی لەوە کرد کە لە میانی ٤٠ ساڵی رابردوودا ئەوانەی لە کۆشکی سپی بوون بە بەردەوامی دژبە ئێران کاریان کردووە و پلانی گوشار دروستکردن و رووبەڕووبوونەوەی چەکداریان داناوە، ئەمڕۆش ھەموو ئەوانە بەیەکەوە کۆبوونەتەوە دژی ئێران.

سەرکۆماری ئێران تیشکی خستە سەر ئەوەی خەڵک رووبەڕووی زۆر کێشە و سەختی بووەتەوە، بەڵام تەواوی ئەوانە پەیوەندییان بە حکوومەتەوە نییە و پێشتر داھاتی خەڵکیان بەرزکردبووەوە.

رۆحانی ئاماژەی بەوە دا لە ھیچ قۆناغێکدا رووبەڕووی کێشەی سیستەمی بانکی و فرۆشتنی نەوت نەبوونەتەوە و دووچاری ئەو سزایانەی ئێستا نەبوونەتەوە و بۆیە بەشێک لە کێشەکانی ئێران دابەزینی داھاتی حکوومەت و سنوودراربوونی پەیوەندییەکانە لەگەڵ جیھان لە سیستەمی بانکیدا.

ب.ب