سەردێڕ:

سەرۆکایەتی کۆمار: هیچ ناوبژیوانییەک نییە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا

فۆتۆ: 
2019-05-20

3008 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ جۆرە ناوبژیوانییەک نییە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا و کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتیشە بۆ جەختیکردنەوەیە لە پاراستنی ڕایەڵەکانی پێکهاتەکانی ناوخۆیی عێراق.

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە بە ئاگادار ناویبردووە بڵاویکردووەتەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەم دواییەدا لەگەل سەرکردەی کوتلە سیاسییە سەرەکییەکان و هەردوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی دەرچوون لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکە بە هەڵوێستێکی یەکگرتووەوە.

لوقمان فەیلی وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئامانج لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرکردەی کوتلە سیاسیە سەرەکییەکان، جەختیکردنەوە بووە  لە پاراستنی ڕایەڵەکانی ناو پێکهاتەکانی عێراق و دەبێت بەرژوەندی نیشتیمانی لە سەرو هەموو شتێکەوە بێت.

لوقمان فەیلی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە گوتری سیاسی دەرەوەی عێراق یەکگرتوو بێت، بەو مانایەی دەبێت گوتاری دەوڵەت بێت نەک گوتاری لایەنێک یان گروپێکی تایبەت، چونکە ڕەنگە ئەوە کاریگەریی هەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی جیهان لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، بەشێوەیەک دەبێت  خاوەنی بیروباوەڕێکی سیاسی یەکگرتووی عێراقی بن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەو پێیەی لە عێراقدا ئەمریکا و ئێران بوونی هەیە، دەبێت گوتاری دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی جێگیر بێت، چونکە بەغدا پەیوەندی هەیە لەگەڵ هەردوولادا و عێراقیش وەک دەولەت هێڵی بەریەککەوتنی نێوانیانە.

سەبارەت بەوەی عێراق بۆتە ناوبژیوانی نێوان ئێران و ئەمریکا، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند "تا ئێستا هیچ ناوبژیوانییەک نییە، چونکە هیچ کام لە ئێران و ئەمریکا داوای لەو شێوەیەیان نەکردووە، بەڵام هەوڵی عێراقی هەیە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، چونکە کاریگەریی هەیە لەسەر عێراق و ناوچەکەش بەشێوەیەکی گشتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی لێدوانەکانی لێپرسراوانی ئێران و ئەمریکا زیاتر لە ڕابردوو زبرتر بووە بەرامبەر بە یەکتری و ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێرانییەکان بەم نزیکانە ئامادە دەبن و پەیوەندییمان پێوە دەکەن، ئەو قسانەش کە دەکرێت دەربارەی ئەوەی ئەمریکا هەوڵی وتوێژ دەدات لەگەڵ ئێراندا دوورە لە ڕاستییەوە.

دوێنێش ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئێمە گەیشتووینەتە لوتکەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمن لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت ئابوری".

ع.م