سەردێڕ:

هۆشداری دەدرێت لەوەى عێراق بکرێتە گۆڕەپانى جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران

فۆتۆ: 
2019-05-20

2812 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەردەوامى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێراندا ترسى ئەوە هەیە عێراق ببێتە گۆڕەپانى جەنگى نێوان ئەو دوو وڵاتە، لەو چوارچێوەیەشدا شەوی یەکشەممە بە موشەکى کاتیۆشا هێرشکرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا کە تەنها چەند سەد مەترێک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە دوورە.

بیل ئێربن، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌مریكا لە ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگاداری ئه‌و هێرشەی ناوچه‌ی سه‌وزی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكان و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

ئەو هێرشە لە دوای هەفتەیەک دێک لە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بەهۆکاری ئەمنی، بەوپێیەی پێشتر ئەمریکا هۆشداری دابوو لە جۆرە هێرشیکی هاوشێوە لەلایەن گروپە میلیشیا شیعییەکانەوە.

لای خۆیەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى سەدر هۆشداریداوە لە تێوەگلانى عێراق لە شەڕى نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایگەیاندووە، ئەوە دەبێتە کۆتایى عێراق.

موقتەدا سەدر لە تویتێكیدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمریکادا نییە و لایەنگری ئەوەش نیە کە عێراق لەم شەڕەوە تێوە بگلێنرێت، ئەگەر وەک عێراق هەڵوێستێکی یەکگرتوویی جددی نیشان نەدەن، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێراق دەهێنێت.

هەر سەبارەت بەو پرسە، هادی عامری ڕێبەری هاوپەیمانی فەتح جەختی لەوە کردەوە نە ئێران و نە ئەمریکا خوازیاری شەڕ نین و هۆشداریی ئەوەشی بە عێراقییەکان دا کە ئاگری ئەو شەڕە نەبن.

عامری لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هەر کەسێک دەیەوێت ئاگری شەڕ لە عێراق دابگیرسێنێت نەزانە یاخود سیخوڕ.

هاوكات قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەھلولحەق وتی، شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران تەنیا لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە و ئامانجیش لێی زیان گەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانی عێراق.

خەزعەلی لە تویتێكدا دوپاتیکردووەتەوە ئەو شەڕە سەپێندراوەی باسی لێوە دەكرێت، لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمەریكا نییە.

ئەو هۆشداریدانەی بەرپرسە باڵاکانى شیعە لە عێراق لە کاتێکدایە کە تا دێت هەڕەشە و فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە توندتر دەبێتەوە، واشنتۆن ئێران تۆمەتباردەکات بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە هێزەکانی و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، لە بەرامبەردا تارانیش دەڵێت ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا جەنگێکی دەروونییە و دژی ئێران دەیکات.

هـ.ع