سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی ترەمپ سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئیران

فۆتۆ: 
2019-05-20

16827 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێرانییەکان بەم نزیکانە ئامادە دەبن و پەیوەندییمان پێوە دەکەن، ئەو قسانەش کە دەکرێت دەربارەی ئەوەی ئەمریکا هەوڵی وتوێژ دەدات لەگەڵ ئێراندا دوورە لە ڕاستییەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠ی ئایاری ٢٠١٩) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ئێرانییەکان کاتێک پەیوەندییان پێوە دەکەن کە ئامادە بوون، بە تایبەت لە کاتێکدا ئابوری وڵاتەکەیان بەردەوامە لە هەرەسهێنان.

لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەو قسانەی کە دەکرێت دەربارەی ئەوەی هەوڵی ئەمریکا هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێران، قسەیەکە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، هەواڵی هەڵبەستراو بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەمریکا لە هەوڵی گفتوگۆدایە لەگەڵ تاران، بەڵام ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەست بە دڵتەنگی دەکات بەرامبەر بە گەلی ئێران کە چۆن هەرەسهێنانی ئابوری ئێران کاریگەریی لەسەر دروستکردووە.

ئەو لێدوانە نوێیانەی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران لە کاتێکدایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە پەرەسەندندایە و شەوی ڕابردووش سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران شەڕى بووێت بە فەرمى کۆتایی پێدەهێنن.

بە دەسەڵاتدارانی ئێرانشی ڕاگەیاند هەرگیز جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمریکا نەکەن.

ع.م