سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی: له‌ چوار مانگدا ٨٠٠ هه‌زار حه‌بی تارامادۆڵ له‌ناوبراون

فۆتۆ: 
2019-05-20

1233 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی چوارمانگدا ١١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و زیاتر لە ملیۆنێک حەبی جۆراوجۆریان لە ناوبردووە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە لایەن لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكان سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەهاوكاری نوێنەرانی دادگا و هێزەکانی ئاسایش لە سووتوخانەی تەندروستی لەناوچەی تانجەرۆ بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر سووتێنراوە و لەناوبراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی ئاماری لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكان ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەماوەی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا سووتێنراوە بریتی بووە لە ١١ كیلۆ حەشیش و دوو كیلۆ  تلیاك و نیوكیلۆ ماددەی هێرۆین و ١٤٠ گرام ماددەی كریستاڵ.

باس لەوەش کراو، هەر لەوەماوەیەدا  ٨٠٠ هەزار دەنك حەبی ترامادۆڵی (٢٠٠ میلیگرامی) لەگەڵ ٥٠٠ هەزار حەبی جۆراوجۆری وەك میتادون و ئەمفیتامین و چەند جۆرێكی دیكە و ٢٦ دەرزی ترامادۆڵ و ١٠٠ گرام ماددەی گوماناوی لە ناوبراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و بەشێوازی جۆراوجۆر دەهێندرێتە ناو هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی ڕێگریکردنیش لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان بەبەردەوامی بەڕێوەدەچێت.

هـ.ع