سەردێڕ:

ئەمریکا داوای دڵنیایی پاراستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کردووە

فۆتۆ: 
2019-05-20

3194 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراق ئاشکرایکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای دڵنیایی کردووە لە عێراق، دوای ئاراستەکردنی کاتیۆشایەک بۆ نزیک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و، ماڵپەڕێکی ئەمریکیش جۆری کاتیۆشاکە ئاشکرا دەکات.

ڕۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید" لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقەوە ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠ی ئایاری ٢٠١٩) ئاشکرایکردووە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لێپرسراوانی عێراق و ئەمریکا پەیوەندیی چڕوپڕیان بەیەکەوە کردووە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو کێشە ئەمنییەی کە بەهۆی کەوتنەوەی موشەکێکی کاتیۆشاوە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتووەتەوە.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، "لێپرسراوە عێراقییەکان پەیوەندییان کردووە بە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە بەغدا و، لە هەوڵی دڵنیاکردنەوەی لێپرسراوە ئەمریکییەکانن، بەتایبەت دوای ڕووداوی کەوتنەوەی گولـلە کاتیۆشایەک لە ناوچەی سەوز و لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا."

ئاماژەی بەوەش کردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە واشنتۆن بە هەمان شێوە لە هەوڵی چڕوپڕدایە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوە، بەڵام ئەمریکییەکان داوای دڵنیاییان لە عێراق کردووە بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەوە ناوەندە دیپلۆماتی و هاوڵاتییەکانیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی  "Washington Examiner" واشنتنۆ ئیگزەماینەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو موشەکەی لە نزیک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتووەتەوە، لە هەمان ئەو شێوانەن کە ئێران پڕوپاگەندەیان بۆ دەکات و، لەلایەن  گروپە توندڕەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەکاردەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠١٣ دەسەڵاتدارانی یەکەمی کاروانێک لەو جۆرە کاتیۆشایەیان لە کەشتییەکی ئێرانیدا دەستبەسەردا گرتووە، کە ویسترابوو بۆ ناوخۆیی ئەو وڵاتە بگوێزرێتەوە.

١٩ی ئایاری ٢٠١٩ سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، گولـلە کاتیۆشایەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کراوە و، لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای کەوتنەوەی موشەکەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لێدراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی کارمەندەکانی لە مەترسیی ئەمنی.

دواتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئاراستەکردنی موشەکەکە هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە.

شەوی ڕابردووش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا سەکۆی هەڵدانی ئەو کاتیۆشایەیان دۆزییەوە، کە لە ڕێگەیەوە کاتیۆشایەکی ئاراستەی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداوە بڵاویکردەوە، سەکۆی موشەکەکە لەبەردەم زانکۆی تەکنەلۆجی لەسەر ڕێگای خێرای "محەمەد قاسم" دەستی بەسەردا گیراوە، کە چەند کیلۆمەترێک دوورە لە ناوچەی سەوزی بەغداوە.

ع.م