سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم وەڵامی ​وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-20

6580 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی ھەرێم، وەڵامی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند،ساغکردنەوەی تۆمەت لەسەر هەرێم پێشینەی ھەڵسەنگاندنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیان پێدەبەستێت نەوەک خۆی بەدواداچونی بۆ بکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا دیندار زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە ئەشکەنجەی خەڵکیاننەداوە و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کەسدا نەکردووە و سوکایەتیان پێنەکردوون.

وتیشی، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە کە ئاسایش بەندکراوێکی لابێت و ڕەتیبکاتەوە ڕێکخراوەکان چاویان پێی بکەوێت.

 دیندار زێبارى ڕاشیگەیاند، ئاڕاستەکردن و ساغکردنەوەی تۆمەت لەسەر هەرێم بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پێشینەی ھەڵسەنگاندنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیان پێدەبەستێت نەوەک خۆی بەدواداچونی بۆ بکات.

 ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت، لە ھەرێمدا ھیچ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرناکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و ڕەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووس بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون.

 ڕۆژی ١٣ی ئازاری ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیھان بڵاوکردەوە، کە بەشێکی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بە عێراق و ھەرێم و تێیدا رەخنە لە حکومەتی ھەرێم دەگرێت بەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا پێشێلکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ کردووە.

 ع.م