سەردێڕ:

سەدر و عامری: تێوەگلان لەشەڕی ئەمریکا و ئێران ھەموومان دەسوتێنێت

فۆتۆ: 
2019-05-20

5455 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر و ھادی عامری ھۆشدارییاندا لە تێوەگلانی عێراق لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایانگەیاند، ئەوە دەبێتە کۆتایی عێراق و ھەموویان دەسوتێنێت.
رێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ھاندانی جەنگی ئێران و ئەمریکا نییە و لایەنگری ئەوەش نییە کە عێراق بخرێتە نێو ئەو شەڕەوە، ئەگەر وەک عێراق ھەڵوێستێکی یەکگرتووی جددی نیشان نەدەن، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێراق دەھێنێت.
موقتەدا سەدر دەشڵێت، نە عێراق و نە خەڵکەکەشی بەرگەی جەنگێکی تر ناگرن و پێویستیان بە ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەیە و، ھەرکەسێک ھەوڵبدات عێراق تێوەبگلێنێت لەم جەنگەوە و بیکاتە مەیدانی جەنگ، ئەوا دەبێت بە دوژمنی خەڵکی عێراق.
ھاوکات ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئاینی و ئەخلاقیی ھەموو لایەکە کار بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ بکەن لە عێراق و ھەموو ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران و ئەمریکا نایانەوێت جەنگ بەرپابکەن و ئەوەی کە دەیەوێت جەنگ ھەڵگیرسێنێت ئیسرائیلە.
سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح وتیشی، ھەر کەسێک بیەوێت ئاگری جەنگ لە عێراق دابگیرسێنێت ئەوا کەسێکی سیخوڕە.
ب.ب