سەردێڕ:

ناوەندى نیشتمانیى بۆ مافى مرۆڤ: پیشاندانى تۆمەتبار لەسەر شاشەکان تاوانە

فۆتۆ: 
2019-05-20

1206 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندى نیشتمانیى بۆ مافى مرۆڤ ڕایگەیاند، پیشاندانى تۆمەتبار لەسەر شاشەکان پێچەوانەی دەستووری عێراقی و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لەژێر ناونیشانى "چیتر شکۆی مرۆڤ مەشکێنن" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەم کارە تاوانە و بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ ماددەی ٢٣٦ بڕگەی ١ ئاماژەی پێ داوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ھەمووان ڕۆژانە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە دەیبینن چەندین کەس بە ناوی ئەوەی کە تۆمەتبارن و ھەستاون بە ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچی دەھێنرێنە سەر شاشەکان و، بەبێ ھیچ ڕوپۆشێک دەخرێنەڕوو، ئەم کارەش سەرەڕای ئەوەی کە پێچەوانەی سادەترین بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مامەڵەکردنە لەگەڵ تۆمەتباران، پێچەوانەی دەستووری عێراقی و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستانە.

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتبار بێ تاوانە و دەبێ ھەر واش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت تا ئەو ڕۆژەی لەلایەن دادگاوە تاوانەکە بەسەریدا ساغ دەبێتەوە و سزا دەدرێن.

ڕونیشکراوەتەوە، "ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم بابەتە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و، زۆرجار وا ھەستدەکرێت کە بۆ مونافەسەی ناوچەیی حیزبی و ڕاگەیاندن ئەم کارە دەکرێت، لەکاتێکدا کە دەبێتە ھۆی شکاندنی شکۆی ئەو تۆمەتبارانەی کە پێش دادگاییکردن و یەکلابوونەوەی دۆسییەکانیان دەھێنرێنە سەر شاشە و دەکرێنە ھۆکاری خۆدەرخستن و ململانێ."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەلایەکی ترەوە نایاسایی و سەرپێچییەکی ڕوون و ئاشکرای بنەما یاساییەکانە، کە بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ھاوکاریی ئەم کارە بوون و بەردەوام وەک ھەواڵێکی گرنگ و بەپەلە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، بەبێ ئەوەی گرنگی بە پاراستنی شکۆی پیشەکەیان بدەن و نەبنە ھۆکارێک بۆ برەودان بە کاری نایاسایی و بەپاڵەوانکردنی تۆمەتباران لە ڕێگەی شاشەکانیانەوە.

باسى ئەوەشی کردووە، "جێگای سەرنج و نیگەرانییە بێدەنگی دادگا و داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەریی لەم کەیسانە و، نەبوونی ھیچ ھەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایە بەرامبەر بەم دیاردەیە، لەکاتێکدا دەبوو ھەر زوو بھاتنایەتە دەنگ و ڕێیان بەم کارە نەشیاوانە بگرتایە لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لەپێناو سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی نھێنییەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا."

لە کۆتایى ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لێرەوە دواکارین لە ھەر سێ سەرۆکایەتیی حکومەتی ھەرێمی کورستان، پەرلەمان و داواکاری گشتی وەک لایەنی بەرپرس بێنە دەنگ و، ئەم سوکایەتییە بە شکۆی مرۆڤ ڕاگرن."

ب.ب