سەردێڕ:

کازم فاروق: ئێستا کاتی ئەوەیە بە هەموومانەوە پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید بین

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-20

6908 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ". ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بە هەموومانەوە پشتیوانی ئەم گەنجە ئازا و بوێرە بکەین و هەوڵی سەرخستنی بدەین و لێنەگەڕێین دەسەلاتێکی گەندەڵ و شکستخواردوو، خەونی باشکردنی وڵات و ژیان و گوزەرانی هاولاتیەکانی لەبارببات و ئەو تروسکایی ئومێدەش لەدڵی خەڵکدا ببڕێت"

کازم فاروق لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، "لەلاپەڕەکانی مێژوودا بەدەگمەن ناوی سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبینین لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە بە وێستگە تاریکەکانی زینداندا تێنەپەڕیبێت و ئازارنەدرابێت. هەر خۆی وادەردەکەوێت کە زیندان بۆ زۆربەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە دیارەکانی ناوچەکە و جیهانیش وێستگەیەک بوبێت بۆ دەرخستنی سیفەتە بارز و کاریزما ئاساکانی ئەو سەرکردانە و پێشمەرجێکیش بێت بۆ قبوڵکردنیان لەلایەن کۆمەڵگەوە. دواجار کونجی زیندان بووە بە بەشێك لەتەواوکاری پێناسەی سەرکردەبوون".

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕوونیشیکردووەتەوە، "وەکو عادەتێکی باو لە دنیای دیکتاتۆریدا، هەمیشە یاسا وەکو داردەستێك بەکارهێنراوە بۆ تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن و زیندانیکردنی سەرکردەی جولانەوە سیاسیە دژەباوەکان. تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت بەو پێیەی هەمیشە بێگانە و دوژمنەکان سەرکردەی بزاوت و جوڵانەوە بوێرەکانیان زیندانیکردووە و ئازاریانداوە، بەڵام حاڵەتێکی نامۆ لە زیندانیکردنی ''شاسوار عەبدولواحید''دا بەدیدەکرێت ئەویش ئەوەیە کە حیزبێکی سۆشیال دیموکراتی هاوزمانی خۆی زیندانی دەکات. ئەمە ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هەرچەندە لە سەدەی بیست و یەکداین و جیهانی ڕۆژئاوا لەڕووی دیموکراسیەوە تەواو پێشکەوتووە، بەڵام تاکو ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیندانیکردن و ئازاردانی دەرونی و هەندێکجار جەستەیی بەرۆکی سەرکردە دیارەکانی بەرنەداوە و پێشمەرجێکیشە بۆ بوون بە کاریزما."

کازم فاروق دەڵێت، "ئەمەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر بە نەوەی نوێ و ''شاسوار عەبدولواحید'' دەیکات، لەرابردوودا و کاتێ کاک نەوشیروان لە ژیاندا بوو، هاوشێوەکەی بەرامبەر بە گۆڕانی کاک نەوشیروان ئەنجامدا. ئەم شەڕە نابەرامبەرە لە سلێمانی جگە لە ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕووی دیموکراسی پایتەختی ڕۆشنبیری هیچی تری لێ سەوز نابێت."

هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، "ماوەتەوە بڵێین، هەرچەندە کەسێکی وەکو ''شاسوار عەبدولواحید'' ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەک بووە لەپێناو نەفەسی دژەگەندەڵی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکدا، بەڵام ئەم کارە بەتەنها بەخۆی و هاوڕێکانی ئەستەمە و پێویستی بە پشتیوانی و هاوکاری و هاودەنگی خەڵک هەیە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بە هەموومانەوە پشتیوانی ئەم گەنجە ئازا و بوێرە بکەین و هەوڵی سەرخستنی بدەین و لێنەگەڕێین دەسەلاتێکی گەندەڵ و شکستخواردوو، خەونی باشکردنی وڵات و ژیان و گوزەرانی هاولاتیەکانی لەبارببات و ئەو تروسکایی ئومێدەش لەدڵی خەڵکدا ببڕێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى (١٦ى ئایارى ٢٠١٩) دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا و تائێستاش ئازاد نەکراوە و ئەمڕۆش بڕیاربوو دادگای سلێمانی دانیشتنی تایبەت بە وەرگرتنی وتەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەبچێت، بەڵام دادوەر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.