سەردێڕ:

سەکۆی ئەو کاتیۆشایە دۆزرایەوە کە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-19

47538 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا سەکۆی هەڵدانی ئەو کاتیۆشایەیان دۆزییەوە، کە ئەمشەو لە ڕێگەیەوە کاتیۆشایەکی ئاراستەی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.

لەو بارەیەوە جەلیل ڕوبەیعی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا ڕایگەیاند، سەکۆی ئەو موشەکە دۆزراوەتەوە کە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کرا.

ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداوە بڵاویکردەوە، سەکۆی موشەکەکە  لەبەردەم زانکۆی تەکنەلۆجی لەسەر ڕێگای خێرای "محەمەد قاسم" دەستی بەسەرداگیراوە، کە چەند کیلۆمەترێک دوورە لە ناوچەی سەوزی بەغداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە ئەمشەو گوللـە کاتیۆشایەک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتووەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەیەوە نازانرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا بیستراوە، کە بە ناوەندی بارەگا سەرەکییەکانی حکومەت و باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی دادەنرێت.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە دوای تەقینەوەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لێدراوە بۆ هۆشداری و وریاکردنەوی کارمەندەکانیان بە مەبەستی خۆ پاراستن.

ع.م