سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی ئێران سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا

فۆتۆ: 
2019-05-19

24433 جار خوێندراوەتەوە

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی کەنداو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی گەیشتووەتە لوتکەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمندا.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران لە زاری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە "ئەمڕۆ ئێمە گەیشتووینەتە لوتکەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمن لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت ئابوری".

حاتەمی وتی "دوژمنان لە ڕێگەی جەنگی دەروونی و بەکارهێنانی میدیا و دەزگای دیکەوە هەوڵی دروستکردنی بێهوایی و شکست دەدەن لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا".

لە وتەکانیدا لە دیداری ڕۆژ "پەیوەندی و پەیوەندییە گشتییەکان" کە لە تاران ڕێکخرابوو، وەزیری بەرگری ئێران جەختیکردەوە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و جیهانی بەرجەستکراوی تەکنیکی وا پێویست دەکات لەسەر لێپرسراوانی پەیوەندییە گشتییەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە زیرەکەکان و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دزەکردن و شیکردنەوەی زانیارییەکان و گواستنەوەی زانیاری ڕاست و دروست، بەشێوەیەک ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی گیانی ئامادەباشی لە ناو گەلی ئێراندا.

لە لایەکی ترەوە عەلی رەزا سەباحی فەرماندەی بەرگری ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، هێزی بەرگری ئاسمانی ئێران لە ئامادەباشی تەواودایە .

زیادبوونی هەڕەشەی لێپرسراوە سەربازییە باڵاکانی ئێران لە کاتێدایە، لە دوای دەستبەکار بوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لێدوانەکانی دژی بە ئێران توندتر بووە.

کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەوروپا و ئیران، دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە، ماوەی دوو هەفتەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی گەورەی دەریایی خۆی ڕەوانەی ناوچەی کەنداو کردووە، وەک خۆی دەڵێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی ئێرانە لەسەر هێزی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ع.م