سەردێڕ:

سەرکردەیەکى حزبی زەحمەتکێشان: یەکەمجارە سەرۆکى حزب بەپێی خۆى دەچێتە دادگا

فۆتۆ: 
2019-05-19

1526 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى سەركردایەتی حزبی زەحمەتكێشانى کوردستان ڕایگەیاند، یەکەمجارە سەرۆکى حزب بەپێی خۆى دەچێتە دادگا و ئەوەش بەها دانانە بۆ دادگا و یاسا.

ھەندرێن شێخ راغیب لە میانەى بەشداریکردنى لە ڕووماڵى تایبەتى ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەى بەوەکرد، شاسوار عەبدولواحید بە چوونى بۆ دادگا بەهاى بۆ دادگا گەڕاندەوە و ئەوەش لەدایکبوونێکى نوێیە لە هەرێمى کوردستان کە سەرۆکى حزبێک ڕێز لە یاسا دەگرێت و نرخى بۆ دادەنێت.

پرسیارى ئەوەشی کرد،" بۆچى بۆ شاسوار یاسا و زیندان هەیە بەڵام سەدان کەیسی یەکجار مەترسیدار لە هەرێم هەیە بەڵام لێی بێدەنگن؟".

ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى حزبى زەحمەتکێشان باسی لەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان بەهۆى قۆرخکارى حزبى و لە فلتەردانى حزبییان و کارکردنى ڕاستەوخۆیان بۆ حزب، نەیانتوانیوە ڕۆڵى ڕاستەقینەى خۆیان لەناو هەرێمى کوردستاندا بگێڕن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو ماددەیەی شاسوار عەبدولواحیدی پێ دەستگیرکراوە، دەبوایە لە هەمان ڕۆژی دەستگیرکردنیدا بە کەفالەت ئازاد بکرایە بەڵام تا ئێستا شاسوار عەبدولواحید ئازاد نەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژى (١٦ى ئایارى ٢٠١٩) دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا و تائێستاش ئازاد نەکراوە و ئەمڕۆش بڕیاربوو دادگای سلێمانی دانیشتنی تایبەت بە وەرگرتنی وتەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەبچێت، بەڵام دادوەر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.

ئ.ر