سەردێڕ:

کاردانەوەکانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشانی نەوەی نوێ بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-05-19

1509 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەکانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و ١٢ خۆبەخشی نەوەی نوێ بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا بەشێک لە پەرلەمانتاران و کەسایەتییە سیاسیەکان ڕەخنە لە دادگاکانی هەرێم دەگرن و پێیان وایە کەیسەکە لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و ناکرێت وەکو کەیسێکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

لەو بارەیەوە تارا حوسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی لە وتارێکیدا نوسیویەتی، "یاسا بووە بە چەکی دەستی حزب و کێی مەبەست بوو پێشێلی تەواوی یاسا دەکات و تۆڵەی سیاسیی و حزبیی خۆی پێدەکاتەوە."

دەشڵێت، "دەبوو سزای هەموو ئەو ژن کوژانەیان ببینیایە  کە لەچوارچێوەی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیادا بوون بە بکوژی دەیان و سەدان ژن و بۆخۆیان لە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە، ئەی خێرە ئەو بابەتە بچوکەی کە کەس لای لێ ناکاتەوە بۆ سیاسییەکان و بە تایبەت سەرۆکی جوڵانەوەیەکی سیاسی، بووە بە یاسای تیرۆر؟"

هەر لەو بارەیەوە فاتیح سەنگاوی ڕاوێژکارى ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامیى، بە پێویستى زانیوە لێپرسینەوەکان بەپێى پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بێت و یاسا نەکرێتە کوتەکی دەستی زۆردار و خاوەن پێگەکان و لە ڕێکارە یاساییەکان دەرنەچن، ھەموو ئەم شتانەش پێویستە لەبەرامبەر شاسوار عەبدولواحید دا ڕەچاوبکرێت و بەھەند وەربگیرێت، چونکە ڕەوا نییە کەیسەکەی بە ئاقارێکی تردا ببرێت.

هەر لە بارەی کەیسی دەستگیرکردنی سەرۆک و خۆبەخشانی نەوەی نوێوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئین ئار تیدا سەرسوڕمانیی خۆی نیشاندا لە بێدەنگبوونی داواکاری گشتی لە کەیسەکە و بە پێویستى زانى هاوڵاتیان و کۆمەڵگا بە گشتیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە تایبەتی بێنە دەنگ، چونکە ئەو جۆرە کەیسانە کەیسی کۆمەڵگەشن.

هەندرێن شێخ ڕاغب ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش دەڵێت "لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکەی شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشانی نەوەی نوێ دەرکەوت دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێز لە جیاوازی سیاسیی و دیموکراسیەت و فرە حزبیی ناگرن و ئەوەش ناڕەزایەتیەکان زیاتر دەکات."

رۆژنامەنووسێکیش لە ئەکاونتى خۆى نوسیویەتى "شاسوار تاکە سەرکردەی حیزبە ڕێز لەیاسا دەگرێ و ئاماژەى بەوەکردوە لە چەند ساڵی ڕابردوو پەرلەمان ویستی لێپێچینەوە لەگەڵ چەند وەزیرێکی کابینەی نێچیرڤان بکات، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێگر بوو لە چونی وەزیرەکان بۆ بەردەم پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی جوڵانەوی نەوەی نوێ ئەم کۆتوبەندەی شکاندووە خۆی دەچێتە بەردەم دادگا بۆ ئەوەی تەواوی هاوڵاتیان ڕێز لە یاسای وڵاتەکەیان بگرن."

ع.م