سەردێڕ:

کاردانەوەکانی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و خۆبەخشانی نەوەی نوێ بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-05-18

6079 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەکان بەرامبەر دەستگیرکردن و هێشتنەوەی سەرۆک و ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندان بەردەوامن، بەشێک لە پارێزەر و چالاکانى مەدەنیی و ڕۆژنامەنووسانیش پێیان وایە ڕۆڵی یاسا و دادگاش بە ئاشکرا پێشێل کراوە و کەیسەکەش لە مادەیەکی یاساییەوە کراوە بە کەیسێکى سیاسیی.

لەو چوارچێوەیەدا پارێزەر محەمەد مەعروف دەڵێت،  لەهەرێمدا بەسەدان کەیسى جۆراوجۆر ھەن لە دادگاکان،  بەڵام تائێستا نەجوڵێنراوە و هیچ بڕیارێکیشیان لەبارەوە نەدراوە لەکاتێکدا کەیسێکى وەک ئەوەى نەوەى نوێ و سەرۆکى جۆڵانەوەکە کە بەمەبەست کراوتە ئامانج و دەم و دەست بریارى لەبارەوە دەدرێت.

هاوکات قادر نادر چالاکى مەدەنیی پێى وایە، لەماوەى ٢٨ ساڵى ڕابردوودا دادگاکانى هەرێم یەک نمونەى جوانى دادپەروەرییان بەرامبەر بەرپرسانى هەرێم  نیشاننەداوە، لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لەو بەرپرسانەى پارتى و یەکێتى چەندین هەڵە و تاوانی گەورەیان کردووە، بەڵام بچوکترین بەرپرسى ئەم هەرێمە نەچووەتە دادگا.

دەشڵێت، دادگاکانى هەرێم خراونەتە خزمەت دوو بنەماڵەوە و وەک ئامرازێکى سەرکوت دژى هاوڵاتییانیش بەکاردەهێنرێن.

لە درێژەی کاردانەوەکانیشدا، موحسین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبى کۆمۆنیستى کوردستان نوسیویەتى دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید لە درێژەی هەمان فەزای سەرکوت و داپڵۆسینی نەیارانی سیاسییە کە یەکێتی پێی هەڵدەستێت.

هەر لەو بارەیەوە فەرمان ڕەشاد چالاکى مەدەنیی پێیوایە، مامەڵەى دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو کەیسانەى ڕەهەندى سیاسییان هەیە یاسایی نییە و لەدەرەوەى پڕەنسیپەکانی یاسا و مافى مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکەن.

هەروەها بەشێک لە چالاکان و رۆژنامەنووسانی عیراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگێکیان بە ناونیشانی ئازادیی بۆ شاسوار عەبدولواحید ڕاگەیاند، داواشیان لە سەرۆک کۆماری عێراق کردووە بە خێرایی لەسەر ئەو بابەتە بێتە دەنگ و هەوڵی ئازادکردنی سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بدات.

هەرچەندە شاسوار عەبدولواحید دواى بڕیاری دەستگیرکردنەکەی، بەپێی خۆی چووە بەردەم دادگا، بەڵام پارێزەر بەهادین عەبدوڵا ڕایگەیاند، ئەوە سەروەرى و گەورەییە بۆ شاسوار عەبدولواحید کە لە داهاتوودا دەردەکەوێت بەسنگ فراوانییەوە چووەتە بەردەمى دادگا و ڕێزى لە سەروەرى یاسا گرتووە و ئامادەیی نیشانداوە لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.

هەرلەوبارەیەوە  ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو دەڵێت،  لەگەڵ ئەوەی دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید سیاسییە بەڵام چوونی بۆ بەردەم دادگا هەنگاوێکی ئەرێنییە بە مەبەستی هاندانی هاوڵاتیان بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا.

هاوکات هەر لە چوارچێوەى کاردانەوەکاندا ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت، پرسی سەرەکی ئەم ھەرێمە نەبوونی یاسایە و دەستگیرکردنى هاوڵاتیانى هەرێمیش بە کپکردنى دەنگى دژە دەسەڵات و  بەتیرۆری تاک ناودەبات.

ئ.ر