سەردێڕ:

یەکێتى ئەوروپا سزاکانى سەر سوریاى تا تەموزى ٢٠٢٠ درێژکردەوە

فۆتۆ: 
2019-05-17

785 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتى ئەوروپا بە تۆمەتى کوشتنى بەکۆمەڵى خەڵکى مەدەنى سزاکانى سەر سوریایى تا تەموزى ٢٠٢٠ درێژکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکى ئەنجومەنى یەکێتى ئەوروپا کە ئەمڕۆ هەینى لە بارەى قەیرانى سوریاوە بڵاویکردەوە، تێیدا هاتوە بەپێى ستراتیجیەتى یەکێتى ئەوروپا بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێوشوێنەکان دژى بەرپرسانى حکومەتى سوریا و لایەنگرەکانى، بڕیاریاندا  تا تەموزى ٢٠٢٠ سزاکان درێژ بکەنەوە.

بەپێى ڕاگەیەنراوەکە، پێنچ کەسایەتى لە نێو لیستەکەى یەکێتى ئەوروپا کە سزاکە دەیانگرێتەوە لابران لەبەر ئەوەى لە ژیاندا نەماون و مردون.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیستەکە لە ٢٧٠ کەسایەتى و ٧٠ لایەن پێکهاتوە کە سزاکان دەیانگرێتەوەو قەدەغەى گەشتکردن و سڕکردنى داراییەکانیان لەسەرە، بەهۆى ئەوەى بەرپرسیاربوون لە کوشتن و بڕین دژى خەڵکى مەدەنى، کە سودمەندبوون لە دەسەڵاتى سوریا و پاڵپشتیان کردوە.

بەپێى ڕاگەیەنراوەکە سزکانى یەکێتى ئەوروپا لەسەر سوریا قەدەغەى سەر کەرتى نەوت و قەدەغەى سەر هەندێک لە وەبەرهێنان و سڕکردنى بانکى ناوەندى سوریا لە یەکێتى ئەوروپا.

هەروەها گەمارۆى سەر هەناردەکردنى کەرەستە و تەکنەلۆجیا کە لە کوشتنى خەڵکى مەدەنیدا بەکاردەهێنرێت.

یەکێتى ئەوروپا لە کۆتایى ڕاگەیەنراوەکەیدا پابەندبوونى خۆى بە بڕیارى ٢٢٥٤ ئەنجومەنى ئاسایش دەربڕى کە دۆزینەوەى رێگە چارەیەکى سیاسیە بۆ چارەسەرکردنى دۆخى سوریا.

 ب.ب