سەردێڕ:

پەرلەمانى عێراق تاوتوێی بۆردومانە هەڵەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-16

1987 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە شەممەى داهاتوو پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە و تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردن بێت لەبارەى بۆردومانە هەڵەکانى ئەمریکا کە بەهۆیەوە چەند پۆلیسێک کوژران.

بەپێى کارنامەى دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر (١)ى پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و تیایدا گفتوگۆ لەبارەى چەند پرۆژە یاسایەک دەکرێت.

تەوەرى سەرەکى کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بە کوژرانى چەند پۆلیسێکى عێراقى بەهۆى سێ بۆردومانى جیاوازى هێزەکانى ئەمریکا لەچەند ناوچەیەکى عێراق.

تەوەرێکى ترى کۆبونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى یەکخستنى هەردوو وەزارەتى ژینگە و وەزارەتى تەندروستى، هاوکات گفتوگۆ دەکرێت لەبارەى پێداویستییە خۆراکییەکانى فۆڕمى خۆراک.

گفتوگۆکردن لەبارەى ڕەوشى ژینگەى پارێزگاى بەسرە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەیە و تاوتوێى ئەنجامەکانى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەى خانەى کەمدەرامەتانى ناوچەى ئەعزەمییە و ڕەوشى کارەبا دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر چەندین جار ئەمریکا دانى بەوەداناوە کە بۆردومانى هەڵەى چەند ناوچەیەکى عێراقى کردووە کە بەهۆیەوە هاوڵاتییانى مەدەنى کوژران و برینداربوون.

ئ.ر