سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانی دیاریكرد

فۆتۆ: 
2019-05-16

5906 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە ٣٠ ساڵە خالید تاھیر لە سنوری پارێزگای ھەولێر بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵە، ھاوشێوەی جوتیارانی دیکە لەڕێگای سایلۆی ھەولێرەوە، گەنمی ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی ڕادەستی حکومەتی عێراقی کردووە، بەڵام تائێستا پارەی گەنمەکەی وەرنەگرتووە.

ھەرچەندە تاوەکو ئێستا وەرزی دروێنە بۆ گەنم دەستی پێنەکردووە، تاوەکو دوورینەوە بۆ گەنمەکەی بکات، بەڵام لەئێستاوە  بیرلەوەدەکاتەوە، کە تەواوی گەنمەکەی لەلایان حکومەتەوە وەرناگیرێت و ھیچ ڕێگایەکی دیکەش لە ناوخۆ نیە بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی.

بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی دیاریکرد و لە تەواوی ھەرێم ٣٤٠ ھەزار تۆن گەنم لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە وەردەگیرێت، کە ئەوەش دەکاتە ڕێژەی لە ٣٠%ی کۆی بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەش لە ٧٠%ی  ئەو گەنمەی جوتیاران بەرھەمیان ھێناوە ھیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ساغکردنەوەی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پارێزگاکانی تری باشوور و ناوەڕاستی عێڕاق، بەبێ ئاماژەپێکردن بۆ ڕێژەیەکی دیاریکراو، جووتیارەکانی ڕێگایان پێدراوە تەواوی بەرھەمی گەنمەکەیان ڕادەستی حکومەت بکەن، ئەمەش نیگەرانی جووتیاران و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.

نرخی گەنمەکانیش بە پێی پلەی باشی گەنمەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت، لە ئەمساڵدا بۆ یەک تەن  لە گەنمی پلە یەک ٥٦٠ ھەزار دینار دانراوە، بۆ گەنمی پلە دووش ٤٨٠ ھەزار دینارە، ھەرچی گەنمی پلە سێشە ٤٢٠ ھەزار دیناری بۆ دانراوە. 

بڕیارە پلانی وەرگرتنی بەرووبوومە دانەوێڵەییەکان بۆ سایلۆکانی ھەرێم، لە ١٦ی مانگی داھاتوو تاوەکو کۆتایی مانگی ھەشت دەستپێبکات، ساڵانەش لەوادەی ڕادەستکردنی گەنمەکانیش جەنجاڵییەکی زۆر لە سایلۆکان دووبارە دەبنەوە و بەشێک لە جووتیارەکانیش بێ بەش دەبن لەڕادەستکردنی گەنمەکانیان.