سەردێڕ:

دادوەرێک: دەستێوەردانى حزبى لە دامەزراندنى دادوەرەکانەوە دەستپێدەکات

فۆتۆ: 
2019-05-16

1380 جار خوێندراوەتەوە

دادوەرێک ڕایگەیاند، کاریگەریی حزبى و عەشیرەت لەسەر دادگا و دادوەرەکانى هەرێمدا هەیە و ئەوەش لە دامەزراندنى دادوەرەکانەوە دەستپێدەکات.

عەباس هەمزە، دادوەر لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕتى دا ئاماژەى بەوەکرد، ماوەیەکى زۆرە لە هەرێم حاکم بەپێی شارەزایی و تاقیکردنەوە و لێهاتوویی نابێتە حاکم، بەڵکو دەبێت پشتێکى حزبی هەبێت و لەناو حزبەکەشدا دەبێت پشتى بەهێزى هەبێت، ئەوەش بۆخۆى دەستێوەردانە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو دەستوەردانە لە بناغەوە هەیە و کەسانى یاسایی باش دەزانن و زۆریش لێی بێزارن، لەلایەن بەشێکى زۆرى دادوەرەکانیشەوە ناڕەزایی لەسەر ئەو دەستوەردانە دەربڕدراوە.

ڕوونیشیکردەوە، دادوەرێک یاسا کردبێتى بەدادوەر دەبێت منەتى لەکەس نەبێت و خۆى بە قەرزارى کەس نەزانێت. هەربۆیە کەسێک بە مافى خۆى نەبووبێتە حاکم و بەپشت و پەنایەک ئەو کارەى گرتبێتەدەست، مامەڵەکردن و بڕیاردان لەسەر کەیسەکان لەلاى زۆر ئاسانە و سەدان بڕیارى هەڵە دەردەکات بۆئەوەى لەشوێنەکەى خۆى بمێنێتەوە یان بەرزتر بکرێتەوە .

لەبارەى سوێند خواردنى دادوەرەکانیش لەسەر مامەڵەى دادپەروەرانە لەگەڵ کەیسەکان، ئەو دادوەرە ڕایگەیاند، "سوێند خواردن لە وڵاتى ئێمە بووەتە شتێکى زۆر ڕۆتین و کەم کەس هەیە حساب بۆ سوێنەکەى بکات، ویژدان و ئەخلاقییەتى کەسەکە لە پێش سوێند خواردنەوەکەیەتى."

ئ.ر