سەردێڕ:

وەزیری دادی تورکیا: قەدەغەی دیداری ئۆجالان و پارێزەرانی هەڵگیرا

فۆتۆ: 
2019-05-16

2229 جار خوێندراوەتەوە

عەبدولحەمید گیول وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند، قەدەغەی دیداری ئۆجالان و پارێزەرانی هەڵگیراوە.

ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر و لە دوای کۆبوونەوەى لەگەڵ کۆمیتەى ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەى سەربە یەکێتى ئەوروپا، عەبدولحەمید گیول وەزیری دادی تورکیا، لابردنی قەدەغەی دیداریی ئۆجالان و پارێزەرەکانی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی عەبدولحەمید گیول، لەمەودوا پارێزەران دەتوانن سەردانی ئیمراڵی بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە هات سەرەتای ئەم مانگە، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ڕێی پارێزەرەکانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "دەتوانین کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و، پێویستە جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێبکاتەوە."

لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١وە تاوەکو ٢ی ئەم مانگە ڕێگە بە پارێزەرەکانی ئۆجەلان نەدرابوو چاویان پێی بکەوێت و، زیاتر لە ٧٨٠ داواکاریشیان بۆ سەردانی ئیمراڵی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ڕەتکرابووەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژى ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ لە شارى نایرۆبیی پایتەختى کینیا هێرش کرایە سەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى و، لە دواى بێهۆشکردنى ڕفێنرا بۆ تورکیا.

دوای دەستگیرکردنیشی دادگای تورکیا لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩ بە تۆمەتى "خیانەتکردن لە نیشتمان" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، بەڵام دواتر سزاکە گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.