سەردێڕ:

​نەوەی نوێ: ئامانج لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید کپکردنی ھەموو دەنگێکی ئازا و بوێرە

فۆتۆ: 
2019-05-16

2215 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەى نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئامانج لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید کپکردنی ھەموو دەنگێکی ئازا و بوێرە.

جوڵانەوەى نەوەی نوێ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای دەستگیرکردنی سەرۆکى جوڵانەوەکەیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "وەک ڕێزگرتنی بەردەوامی لە یاسا، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگا و، پاش وەرگرتنی وتەکانی لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە، ھێزێکی سەربە ئاسایشی یەکێتی بەرەو شوێنێکی نادیار گواستیانەوە."

ئەوەشی تێدا هاتووە، "ڕاگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە درێژەی ئەو ھێرشە ناڕەوایەیە کە یەکێتی بە مەبەستی لاوازکردنی نەوەی نوێ دەستی پێ کردووە و، چەندین دامەزراوەی ئەمنی و حکومی لە خزمەتی ھێرشەکەیدا بەکاردەھێنێت."

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندووە، "ئەم سیناریۆ بێ بەھایە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسییە و ئامانج لێی کپکردنی ھەموو دەنگێکی ئازا و بوێرە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پیلان و گەمە ناشرینانەی ئەوانەوە، ھەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم سیناریۆیەش تێدەپەڕێنێت و، لە جاران بەھێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتیی گەندەڵی و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و سەروەرکردنی یاسا."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "داواش دەکەین دادگا و یاساناس و دادوەرە بەڕێزەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن و ڕێگەنەدەن دادگاکان لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکاربھێنرێن."

ئەمڕۆ دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.