سەردێڕ:

سەرکردایەتییەکی یەکێتى: چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌مانین له‌گه‌ڵ پارتی

فۆتۆ: 
2019-05-16

4581 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی دەڵێت، حزبەکەى سورە لەسەر ئەوەى به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پاكێجە و، چاوەڕوانى پارتییش دەکەن ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات.

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی بە ماڵپەرى فەرمیى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، یه‌كێتی كاتی زۆری ناوێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدانی بۆ پۆسته‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یانن له‌گه‌ڵ پارتی.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتى ڕاشیگەیاندووە، په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌سعود بارزانی بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و، یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پاكێج بێت و كێشه‌كانیان له ‌چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا چاره‌سه‌ربكرێن.

ئەو لێدوانە لەکاتێکدایە، کە یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت ڕێککەوتنێکى سیاسی و ڕێککەوتنێکى ئیدارییان کردووە، پێشتر بەرپرسانى پارتییش جەختیان لەوە کردووەتەوە پاکێجى هەرێم و بەغدا دوو شتى جیاوازن.