سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا

دوای چوونە بەردەم دادوەر
فۆتۆ: 
2019-05-16

15473 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، ئیحسان سابر

دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، شاسوار عەبدولواحید هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی کرابوو و دوای دەستگیرکردنی، ئاسایشی سلێمانی سەرۆکی جوڵانەوەی نوێیان بەرەو شوێنێکی نادیار بردووە.

هاوکات، کاوە عەبدولقادر جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لەبەردەم دادگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "نیگەرانین لەوەى شاسوار عەبدولواحید لەلایەن دادوەرى ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کراوە نەک دادوەرى دادگا".

ڕوونیشێکردەوە، "ئەو مادەیەى کە پێى دەستگیرکراوە مادەى ٢ لە خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى مۆبایلە کە دەتوانرێت بەکەفالەت ئازاد بکرێت و تائێستاش دیار نیە چەند دەمێنێتەوە."

ڕاشیگەیاند، "پیشتر شاسوار عەبدولواحید بێبەریبوونى خۆى لەو تۆمەتانە ڕاگەیاندبوو، وەک فڕاکسیۆنى نەوەى نوێ لەگەڵ ئەوەین یاسا وەک خۆى جێبەجێ بکرێت".

دواى بڕیاری دەستگیرکردنەکەی، ئەمڕۆ ١٦ی ئایاری ٢٠١٩ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ چووە بەردەم دادوەر.

لە پەیامێکیشدا پێش ئەوەى بچێتە بەردەم دادوەر، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوەی ئەوان و هاوڕێکانیان دەیچێژن باجی هەڵوێستەکانیانە نەک هەڵە.

باسی لەوەشکردووە، زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان کردووە، بەڵام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا شاسوار عەبدولواحید هەموو لایەکی دڵنیاکردووەتەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبن و کۆڵ نادەن، ئەوەی ئەوان بیری لێ دەکەنەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، وەک خۆی دەڵێت ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەڵوێستییە.