سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا

شاسوار عەبدولواحید
فۆتۆ: 
2019-05-16

6818 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، "ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردووەتەوە".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، "ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە!! زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئازادانە دەسوڕێنەوە لەم وڵاتەدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بکردایەتە خەڵکی خۆمان و سەرمان کز کردایە، بەڵام ئەمەیان رێگا راستەکەیە".

شاسوار عەبدولواحید ڕوونیشیکردووەتەوە، "گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە کە باوەڕی بە خۆی وقەزیەکەی خۆی هەیە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبین و کۆڵ نادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، چونکە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەلوێستییە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  دەرکرد.