سەردێڕ:

ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و هەڵسوڕاوی گۆڕان لە کەرکوک دەستیان لەکارکێشایەوە

فۆتۆ: 
2019-05-16

7699 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد
سەرجەم ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەشیان بۆ لادانی سەرکردایەتی گۆڕان لەو بنەمایانەی لەسەری دامەزرابوو گەڕاندووەتەوە.

هەریەک لە مەلا فەرمان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی وڕێکخەری ژوری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان و عبدالرحمن عبدوللە (ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی و عبدوللە حەبیب و لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند.

لە ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، "بارودۆخی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و ھەڕەشەلەسەر خاک و خەڵکەکەی دروستبووە، ئەوەش بەھۆی ھەڵەی پارتی و یەکێتی وبێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر".
باس لەوەشکراوە، لەسەر وبەندی ڕێکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین پێشنیازیان داوەتە جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی گۆڕان بۆ ئەوەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەشێکبن لە ئەجێندای کابینەی نوێ، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.
ئەوەش خراوەتەروو، "پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی سەرکردایەتی ئێستای لەسەر راستەڕێی خۆی لایداوە، کە لەپێناویدا دامەزرا کە بریتیبوو لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی ودژایەتیکردنی گەندەڵی وپیادەکردنی سیاسەتێکی کوردستانی بەرانبەر کەرکوک وناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان وھێنانەکایەی سیستەمێکی پارلەمانی، لایەنی کەم ھاوشێوەی بەغدا ودورکەوتنەوە لە سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵەیی، وە چاوەروان دەکەین بزوتنەوەکە بەرەو ھەڵدێری گەورەتر بەرن".
ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکانی گۆڕان ئاشکرایانکرد، " دوای بێ ھیوابونمان لە خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارمان دا دەست لە کاربکێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرک و کاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ھێنانە دی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێ بووە وئاماژەمان پێ کرد، بە تایبەتی سیاسەتێکی کوردی وکوردستانی بۆ کەرکوک وناوچە کوردستانیە دایڕێندراوەکان".
ھـ.ع