سەردێڕ:

ئاژانسی ناسا یەکەم ژن دەنێرێتە سەر مانگ

فۆتۆ: 
2019-05-16

3569 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى ناسا ڕایگەیاند، دواى زیادکردنى بودجەکەیان تا ساڵى ٢٠٢٤ یەکەم ژن دەنێرنە سەر مانگ.

 ڕۆژنامەى زە سەنى بەریتانى بڵاویکردەوە، چوونە سەر مانگی یەکەم ژن لە پێنچ ساڵى داهاتوودا دەبێت، ئەوەش دواى زیادکردنى بودجەى ئاژانسەکە لەلایەن ئیدارەى ئەمریکا بۆ ساڵى داهاتوو.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ئامانج لە زیادکردنى ئەو بودجەیەش لەپێناو بەڵێن و ئامانجەکانى ناسایە بۆ گەیشتنى هاوڵاتییانى ئەمریکا بۆ سەر مانگ تا ساڵى ٢٠٢٤.

باسى ئەوەش کراوە، پرۆژەکە ناوى لێ نراوە "ئارتیمیس" کە ناوى خوشکى ئەپۆلۆیە، کە یەکێکە لە ناودارەکانى یۆنان.

هاوکات جیم برنشتاین بەڕێوەبەرى ئاژانسى ناسا ڕایگەیاند، ئەمە هەنگاوێکى مێژووییە کە نەوەیەکى نوێى ژنان لە بوارى گەردووندا کاردەکەن.

بەڕێوەبەرەکەى ناسا لە وتارێکیدا لە لوتکەى "مرۆڤەکان بەرەو مەریخ" لە واشنتۆن ڕایگەیاند، "پێشبڕکێ دەکەین بۆ گەیشتن بەسەر مانگ و گاڵتە ناکەين و دەمانەوێت تا ساڵى ٢٠٢٤ بگەينە سەر مانگ."

وتیشى، "پێویستە لەسەرمان فێربین چۆن بژین و لە جیهانێکى تردا کاربکەین بۆ ماوەیەکى زۆر."

هەفتەى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە سەردەمى دەسەڵاتیدا دەیانەوێت ناسا بگەیەننە لوتکە و بگەنە سەر مانگ، پاشان مەریخ.

ترەمپ زیاتر ڕوونیکردەوە، گۆڕانکارى لە بودجەى وڵاتەکەى دەکات و بودجەى تەرخانکراو بۆ ناسا دەگەیەنێتە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، تا بتوانن بە بەهێزى بگەنە سەر مانگ.

ب.ب