سەردێڕ:

هەرچەندە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بووە بەڵام پێناچێت شەڕ ڕووبدات

فۆتۆ: 
2019-05-15

7294 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە تا دێت جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبن، هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئێرانیش ژێربەژێر چڕتر دەبنەوە.

جگە لەوەی ئاڵۆزییەکانی هەردوو وڵات قۆناغی هەڕەشە و وەڵامدانەوەیان تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستی جوڵەی سەربازی، بەڵام پێناچێت هێشتا شەڕ لە ناوچەکە هەڵگیرسێت، بەو پێیەی هێشتا ئەمریکا نەیتوانیوە کۆدەنگیی وڵاتان لە ئاست مەترسییەکانی ئێران لە بەرژەوەندیی خۆی یەکبخات.

ڕوسیا کە جەمسەرێکی گەورەی ململانێکانە لە ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەمریکا کێشەکانی لەگەڵ ئێران بە هێزی سەربازی چارەسەربکات و، داوای گفتوگۆی سیاسی دەکات، ئەمریکاش لەو نێوەندەدا شکستی هێناوە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ڕووسیا لەوبارەیەوە.

کریس گێگا وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایگەیاند، ئاستی هەڕەشەکانی میلیشیا شیعییەکانی عێراق جێی مەترسی نییە بۆ سەر هێزەکانیان، وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە.

لای خۆیەوە، بیڵ ئوربان وتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ئەو لێدوانانەی کریس گێگای بە پێچەوانەی ئەو هەڕەشانە وەسفکرد کە ئێستا لە عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەئارادایە، بە وتەی خۆی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو میلیشیا شیعییانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ هێرشی لەناکاو.

ئوربان ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و بەشێک لە کارمەندانی خۆیشی لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی لە بەغدا و هەولێر لە ئەگەری هێرشی کتوپڕ و لەناکاو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق کشاندەوە.

پەیوەست بە بابەتی هەڕەشە و مەترسییەکان، بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکاش سکاڵایان لە ئیدارەی ترەمپ کرد لەسەر ئەوەی زانیاریی تەواویان ناداتێ سەبارەت بەم هەڕەشانەی ئێران و ئەو بڕیارانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیدات.

سیناتۆرێکی باڵای دیموکراتەکانیش وتی، ئەگەر ئێران بەرپرس بێت لە هێرشەکانی سەر هێزەکانیان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، ئەوا پێویستە لەسەریان بە شێوەیەکی گونجاو و بە ڕێگەیەک وەڵام بدەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕەتکردەوە گوایە بەرپرسانی ئەمەریکا بیر لە پلانێکی سەربازی دەکەنەوە بۆ ناردنی نزیکەی ١٢٠ هەزار سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە.

لای خۆیەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئێران ناخوازن پێکدادان و جەنگ لە ناوچەکە ڕووبدات و لە هەردوولاوە ئاماژە هەیە پرسەکە بە ڕێگەچارەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، وتیشی، ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و باجی شەڕ زۆر قورس دەبێت بۆ عێراق و ناوچەکە.

هەر لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی مەترسی و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کەمال خەڕازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئێران وتی، ئێران بۆ وەڵامدانەوە بە هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی ئامادەیە و، ئەمریکییەکانیش خۆیان ئەوە باش دەزانن، هەربۆیە دەڵێن، نایانەوێت لەگەڵ ئێران شەڕ بەرپاکەن.

پێشتریش عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران وتبووی، جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا ڕوونادات، بەرگرییش تاکە بژاردەی گەلی ئێرانە، ڕەتیشیکردەوە هیچ وتووێژێک لەگەڵ واشنتۆندا بکات.

لای خۆشیەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شارى سۆچی ڕوسیا رایگەیاند، وەک بنەما نایانەوێت لەگەڵ ئێران بجەنگن، بەڵکو دەیانەوێت ئیدارەی ئێران دەستبەرداری پشتگیریی توندڕەوەکان بێت لە تەواوی جیهاندا.