سەردێڕ:

ئەردۆغان: لەهەوڵداین بۆرى نەوتى کەرکوک - جەیهان کارابکەینەوە

ئەردۆغان  عەبدولمەهدی کۆبوونەوە
فۆتۆ: 
2019-05-15

3913 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای کۆبوونەوەى ئەردۆغان و عادل عه‌بدولمه‌هدی لە ئەنقەرە، ئەردۆغان ڕایگەیاند، لەهەوڵدان بۆرى نەوتى کەرکوک - جەیهان کارابکەنەوە و عادل عه‌بدولمه‌هدیش ڕایگەیاند، رێگە نادەن خاكی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکاربهێنرێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی کە ئێوارەى ئەمرۆ بەسەردانێک گەیشتە تورکیا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسى هاوبەشدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، لەگەڵ ئەو وڵاتە لەسەر پرسی هاریکارى ئەمنى رێککەوتوون.

وتیشى، عێراق و تورکیا لەساڵى ٢٠٠٨ەوە رێککەوتنى ئەمنى هەیە لەنێوانیاندا بەڵام کارى پێنەکراوە و کاردەکەن بۆ کاراکردنەوەى رێککەوتنەکە.

عادل عه‌بدولمه‌هدی باسى لەوەشکرد، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ تورکیا نزیکەى ٢٠ ملیار دۆلارى ساڵانەیە و دەیانەوێت ئەو قەبارەیە زیاتر بکەن.

لاى خۆیەوە، ئەردۆغان رایگەیاند، کاردەکەن لەسەر کاراکردنەوەى بۆرى نەوتى کەرکوک - جەیهان و بە پێویستیشى دەزانن رێککەوتنى تایبەت بە ئاسایش و هەواڵگرى و هاریکارى ئەمنى لەگەڵ عێراق واژۆبکەن.

ئەردۆغان وتیشى، لیژنەیەکى پێنج کەسیان لەبارەى کێشەى ئاوەوە پێکهێناوە و تورکیا دەیەوێت بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوەى عێراقدا.