سەردێڕ:

پێنج کەس خۆیان بۆ سەرۆکی هەرێم کاندید کردووە

ئەمڕۆ وادەکەى کۆتاییهات
فۆتۆ: 
2019-05-15

35623 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کۆتایی هات و تا ئێستا پێنج کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە، کە بریتین لە نێچیرڤان بارزانی و فەرهاد پیرباڵ و ڕێبوار خۆشناو و ئومێد پاڵانی و بەکر دەربەندی.

سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماوەی دوو ڕۆژدا وردبینیی لە سیڤیی پاڵێوراوەکان دەکات و دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی داد و ناوخۆی دەکات لەدوای وردبینی، دواتر ناوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ناوی هەر پاڵێوراوێکی تێدا نەبێت دەتوانێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدات.

تا ئێستا ئەو کاندیدەی کە یەکلایی بووەتەوە و سێ حزب پاڵپشتیی دەکات نێچیرڤان بارزانییە و کاندیدی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە، بەڵام چوار کاندیدەکەی دیکە وەک خۆیان ڕایانگەیاندووە بە شێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە و، چاوەڕوانی دەنگی پەرلەمانتاران دەکەن.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، دەنگ نادەن بە هیچ یەکێک لەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندیدکردووە.

پێشتریش هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ڕایانگەیاند، کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نابێت و دەنگیش بە کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و گۆڕان نادەن.

بڕیار وایە پەرلەمانی کوردستان لە پێش جەژنی ڕەمەزان سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت و، کارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێش دەستپێبکات.