سەردێڕ:

​به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی لە مەخمور: ٣٠٠ چەکداری داعش لە چیای قەرەچوغن و بیانیشیان لەنێودایە

فۆتۆ: 
2019-05-15

5091 جار خوێندراوەتەوە

به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ مه‌خموور ڕایگەیاندووە، ٣٠٠ چەکداری داعش لە چیای قەرەچوغن و بیانیشیان لەنێودایە.

ڕە‌شاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی له‌ مه‌خموور ڕایگەیاندووە، چیای قەرەچوغ یەکێکە لەو شوێنانەی کە ساڵێک دەبێت داعش تیایدا خۆی ڕێکدەخاتەوە و، مەشق و ڕاھێنانی تیادا دەکات و نزیکەی ٣٠٠ چەکداریان لەو ناوچەیە ھەیە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕاشیگەیاندووە، "ئەو چەکدارانەی چیای قەرەچوغ بە مەفرەزەی بچووک ھاتوچۆ دەکەن بۆ شەرگات و گەیارە و حەمام عەلیل و ناوچەکانی دیکەش، بەتایبەت ناوچەی حەمام عەلیل و شۆرە دەچن، هەروەها دەچنە دەشتی نەینەواش."

ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی ئەوەشی وتووە، "ئەو چەکدارانەی داعش عێراقی و چەکداری بیانیشیان لەگەڵە، ئەندەنووسی بە نموونە، ھەروەھا چەکەکانیان ھەمەجۆرن، کڵاشینکۆف و بی کەی سی و ئاڕ بی جی و قەناس و، ڕەنگە ھاوەنی شەست و ھەشتا ملیمیشیان ھەبێت."

ناوبراو وتووشیەتی، "دوای کۆتاییھاتنی پاشماوەی دەسەڵاتی داعش لە پارێزگای نەینەوا، شاخی قەرەچوغ ئارامترین شوێن بووە بۆ خۆڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش لەم سنوورە و لە ساڵی رابردوودا، بۆیە پێم وایە بوون و مان و گەشەکردن و بەردەوامیی داعش لەم سنوورە پەیوەستە بە سیاسەتی ناوخۆ، ھەرێمایەتی، نێودەوڵەتی، وڵاتانی کەنداویش رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەم سنوورە و لەو پرسە."

بەرپرسەکەى یەکێتى  ئاشکراشی کردووە، "لەسەر رووباری دیجلەش چوار دارستانی چڕ ھەیە، ھەر چواری وەکو سەربازگەیەکی داعشی لێھاتووە و ھیچ ھێزێکی عێراقی ناتوانێت کێوماڵیان بکات، بۆیە مانەوەی داعش بۆ ھەر کاتێک کە پەیوەندییەکانی ھەر سێ پێکھاتەی سەرەکی لە عێراق بەرەو پێش نەچێت، ئەوا لە داھاتوو لە ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو، وڵاتانی ھەرێمایەتی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانێت شڵەژانێک تووشی عێراق بکات و ئەو کاتە ئەو ناوچانە زۆر بە ئاسانی وەکو پێشتر دەکەونە ژێر دەستی چەکدارانی داعش و ئەم سنوورە یەکێکە لەو شوێنانە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە سنوری مەخمور و چیای قەرەچوغ چالاکی و هێرشی سەربازی ئەنجامدەدەن.