سەردێڕ:

باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆکاری ڕاگرتنی کارەکانی لە عێراق و هەولێر ئاشکراکرد

دوای ئەوەی دوێنی هێزەکانی لە عێراق خستە ئامادەباشییەوە
فۆتۆ: 
2019-05-15

47754 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆکاری جێهێشتنی بەشێک لە فەرمانبەرانی لە بەغدا و ڕاگرتنی کاری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی هەڕەشەکان بۆ سەریان ئەو بڕیارەیان داوە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە (١٥ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و زیادبوونی مەترسییەکان کە لە عێراقدا هەستی پێ دەکرێت، بڕیاریانداوە ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانیان عێراق جێبهێڵن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی مایک پۆمپیۆ بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەکان، ڕاستیی ئەو مەترسی و هەڕەشانەیان بۆ حکومەتی عێراق شیکردووەتەوە و ئاگاداریان کردوونەتەوە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاشکرایکردووە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن دەکەن بە سەلامەتی و ئاسایشی دامەزراوەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا، بڕیاری کشاندنەوەی ژمارەیەک لە کارمەندی باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵگەریی هەولێر لە سایەی ئەو دۆخە ئەمنیەی ئێستادا پەیڕەوکراوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو بڕیارانەیان هەر وا بە ئاسانی سەرپێی نەداوە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا جەختیکردووەتەوە لەوەی ئاسایش و سەلامەتیی کارمەندە ئەمریکییەکان و هاوڵاتییەکانی بە یەکێک لە هەرە کارە سەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دادەنرێت.

متمانەی خۆشی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق نیشانداوە لەوەی کە دەتوانن بیانپارێزن، بەڵام دەزانن هەڕەشەکان مەترسین و دەیانەوێت مەترسییەکانی کەمبکەنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پابەند دەبن بە هاوبەشییان لەگەڵ عێراقییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لە فەرمانبەرە نابنەڕەتییەکانی کرد، لە هەریەکە لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا و کونسوڵگەریی ئەمریکا لە هەولێر، عێراق جێبهێڵن؛ هاوکات هەموو جۆرە ڤیزایەکی ئاسایی بۆ عێراقییەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.

شەوی ڕابردووش سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی مەترسییەکانی ئێران لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، هێزەکانی خۆی لە عێراق خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ع.م