سەردێڕ:

خواردنەوە وزەبەخشەکان چی بەسەر جەستەدا دەهێنن؟

فۆتۆ: 
2019-05-15

7484 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان، ساڵانە لە جیهاندا چەندین کەس بەهۆی خواردنەوە وزەبەخشەکانەوە ژیانیان دەکەوێتەوە مەترسییەوە و تووشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ دەبن.

پرۆفیسۆر و دکتۆر ئەندریاس هێنسڵ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی فیدراڵی بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان لە ئەڵمانیا دەڵێت "زیادەڕۆییکردن لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان لەماوەیەکی کورتدا و خواردنەوەی کحول لە هەمانکاتدا و وەرزشکردن بە قورسی و کەمخەوی، وادەکەن مرۆڤ تووشی کێشەی تەندروستیی گەورە ببێت".

ئۆفیسی فیدراڵی بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان لە ئەڵمانیا لەگەڵ هۆشداریدان لە خواردنەوەی وزەبەخشەکان ئەوەی خستووەتەڕوو یەك کوپ قاوە ٩٠ میلیگرام کافایینی تێدایە، بەڵام خواردنەوە وزەبەخشەکان ٨٠ میلیگرامیان تێدایە، هەرچەندە بڕەکەیان نزیکە لەیەکترەوە بەڵام خواردنەوە وزەبەخشەکان زیانی گەورەیان بۆ تەندروستی هەیە، چونکە بەخێرایی دەخورێنەوە و کاریگەریی خێرایان لەسەر تەندروستیی دەبێت.

هەمان ناوەند ئاماژەی بەوەکردووە، خواردنەوە وزەبەخشەکان جگە لە کافایین ماددەی دیکە لە پێکهاتەکەیاندا هەیە وەك تۆراین، ئینۆسیتۆل و گلوکورۆنولاکتۆن، کە دەبنە هۆی زیادبوون و تێكچوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی "DWی ئەڵمانی، حاڵەتی یەکێک لەوکەسانەی خستووەتەڕوو کە بەهۆی زۆرخواردنەوەی وزەبەخشەکانەوە ژیانی کەوتووتە مەترسییەوە، سامانسا شارپی تەمەن ٣٣ ساڵ بەهۆی ئالودەبوونی بە خواردنەوە وزەبەخشەکانەوە ژیانی کەوتە مەترسییەوە و لە ئێستادا بە ئامێری رێكخستنی لێدانی دڵ دەژی.

ئەو کچە واڕاهاتبوو کە رۆژانە شەش قوتو خواردنەوەی وزە بەخش بخواتەوە، پاش ماوەیەك لەناکاو شارپ لە ماڵەکەی خۆیدا بەردەوام بوراوەتەوە، جگە لەوەش بەردەوام هەستی بە ماندوێتی زۆر کردووە و نەیتوانیوە بخەوێت.

ژ.ن