سەردێڕ:

ڕۆژنامەنووسێکى یەکێتى: بارزانی لە بەڵێنەكەی پەشیمان بووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-15

36356 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەنووسێکى یەکێتى لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاندووە، بارزانی لە بەڵێنەكەی پەشیمان بووەتەوە و ئامادە نییە ئەندامانى حزبەکەى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بنێرێتەوە بۆ دەنگدان بە پارێزگارێکى نوێی کورد بۆ شارەکە.

سەرتیپ جەوهەر لە نووسینێکدا لە هەژمارى خۆى لە تۆرى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسیویەتى، "بەپێی زانیارییەكان بارزانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو وڵامی نامەیەكی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)ی بە نەرێنی داوەتەوەو بەڕوونی وتویەتی دوای پێكهێنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەش دەنێرینە بەغدا"

ئەو میدیاکارەى یەکێتى ئەو نامەیەى بەوە لێکداوەتەوە کە پێچەوانەى ئەو ڕێککەوتنە زارەکییەیە کە گوایە لەگەڵ حێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتیدا کردوویەتى.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "پارتی ئامادەیە ئەندامانی خۆی لەئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بنێرێتەوە ئەنجومەن، تا دەنگ بە پارێزگارێكی نوێی عەرەب بدەن لەچوارچێوەی سەفقەیەكی حزبیی! بەڵام ئامادەنییە ئەندامانی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بگەڕێنێتەوە بۆ دەنگدان بە پارێزگارێكی نوێی كورد بۆ شارەكە".

ئەوەش لەکاتێکدایە هەرچەندە پارتى و یەکێتى ڕێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتیان واژۆکردووە، بەڵام لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک تائیستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە نزیکبوونەوەى ئەو دوو حزبە لە ئارادا نییە.

پیشتریش وتەبێژى یەکێتى ڕایگەیاند، چاوەڕوانن لەگەڵ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم، پرسی کەرکوک و بەغدا چارەسەر بکرێن.