سەردێڕ:

وردەکاریی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا ئاشکراکرا

دیداری ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەی پۆمپیۆ و عەبدولمەهدی
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-05-15

16141 جار خوێندراوەتەوە

دوو لێپرسراوی ئەمنی عێراق ئاشکرایانکرد، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ بەغدا، هۆشداریی داوەتە لێپرسراوانی بەغدا کە واشنتۆن ئاگادارە لە چالاکی گروپە چەکدارەعێراقییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە کۆمەک دەکرێن، کەموشەکیان لە نزیک بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر عێراق کۆنترۆڵیان نەکات، ئەمریکا بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو لێپرسراوانەوە ئەمڕۆ چوارشەممە (١٥ی ئایاری ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، پۆمپیۆ داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، جڵەوی ئەو گروپە چەکدارانە بگرێت، کە لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیاندان و بوونەتە بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت.

بە گوێرەی ئاژانسەکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر حکومەتی عێراق لە توانایدا نییە جڵەوی ئەو گروپانە بگرێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هێز وەڵامیان دەداتەوە.

لە لایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی سەربازیی باڵای عێراق کە ئاگاداری وردەکاری سەردانەکەی پۆمپیۆ بووە بۆ بەغدا ڕایگەیاند "پەیامی ئەمریکییەکان ئاشکرا بووە و دڵنیاییان لە عێراق دەوێت چالاکی ئەو گروپانە ڕابگرێت، کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن، ووتوویانە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبەڕووی هەر دەستدرێژییەک ببێتەوە لە ناو خاکی عێراقدا، ئەوا هەموو ڕێوشوێنێکی بەرگریکردن لە خۆی دەگرێتە بەر، بێ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات".

ئەو سەرچاوە عێراقییانە روویانکردووەتەوە، واشنتۆن سیخوری کردووە بەسەر پەیوەندییەکانی ئەو گروپە چەکدارانەوە لە عێراقدا، کە لەچەند ناوچەیەک چەک و موشەکیان بڵاوکردووەتەوە و بووەتە مایەی نیگەرانی و مەترسی هێزەکانی ئەمریکا.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنوری نێوان عێراق و سوریا، واشنتۆن لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە هۆشداریی داوەتە بەغدا لە مەترسی نزیکبوونەوەی ئەو هێزانە لە ناوچەکانی ژێر دەستی سوپای ئەمریکا و ئەگەر هەر مەترسییەکیان بۆ سەر دروست ببێت، ئەوا ئەمریکا بە هێز وەڵامی ئەو هێزانە دەداتەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز ئەمریکا لە ئێستادا دەیەوێت فشارەکانی خۆی لەسەر ئێران زیاتر بکات، ئەویش لە ڕێگەی ناچارکردنی بەغداوە بۆ دەستبەرداربوونی لە پەیوەندییە ئابورییەکانی لە گەڵ تاراندا.

لەو ڕووەوە توێژەرێکی پەیمانگای "چاتام هاوس"ی بەریتانی ڕایگەیاندووە، واشنتۆن عێراقی سەرپشک کردووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەمریکا یان ئێراندا، بە تایبەت لە بواری وزەدا.

ئەو هۆشداری و پێشهاتە نوێیانەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند.لایەنی عێراقی هیچ جموجوڵێکی گومانلێکراوی هەست پێ نەکردووە کە مەترسی بێت بۆسەر هیچ لایەک و دڵنیاییشی داوەتە ئەمریکییەکان کە بەغدا بەرپرسیارێتی پاراستنی هەموو لایەک لە ئەستۆ دەگرێت.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی لە ناوچەی کەنداو گرتۆتەبەر و هێزی دەریایی و سەربازیی زیاتری بەڕێکخستووە بۆ ناوچەکە، لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە مەترسی هێرشەکانی ئێران.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.

ع.م