سەردێڕ:

هەفتەى داهاتوو ناوى پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆکى هەرێم ڕادەگەیەندرێت

فۆتۆ: 
2019-05-15

5364 جار خوێندراوەتەوە

کاتژمێر ١١ى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم داخست و ڕۆژى یەکشەممەى داهاتووش ناوى ئەو پاڵێوراوانە ئاشکرادەکات کە مەرجى یاساییان تێدایە.

پەرلەمانى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەگوێرەى خاڵى (٣) لە بڕگەى یەکەمى ماددەى (٤)ى یاساى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم، پێویستە لەماوەى دوو ڕۆژدا لەڕۆژى داخستنى دەرگاى خۆپاڵاوتن ناوى ئەو پاڵێوراوانە ڕابگەیەندرێت کە مەرجى یاساییان تێدایە.

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆى بوونى دوو ڕۆژى پشوى فەرمى، ڕۆژى یەکشەممە (١٩ى ٥ى ٢٠١٩) ناوى پاڵێوراوەکان لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە ڕادەگەیەنرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەى کردنەوەى دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لە ١٢ى ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامبوو، تائێستا پێنج کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە.

پەیامنێرى ئێن ئاڕتى ڕایگەیاند، هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانى جێگرى سەرۆکى پارتى و فەرهاد پیرباڵ نوسەر و رۆشنبیر و رێبوار خۆشناو و ئومێد پاڵانى و بەکر دەربەندى کە پارێزەرن، سیڤى خۆیان رادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە و خۆیان کاندیدکردوە.

پیشتر هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ڕایانگەیاند، کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نابێت و دەنگیش بە کاندیدی هاوبەشی ئەو سێ لایەنە نادەن.

ئ.ر