سەردێڕ:

ئەمریکا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا مەشقپێکردنیان بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان راگرت

دوای گرژییەکانی ناوچەکە
مەشقپێکردنی پێشمەرگە لەلایەن سەربازانی ئەڵمانیاوە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-15

8201 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە، هەریەک لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا بڕیاریاندا مەشقپێکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان رابگرن. 

 وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرودووە، بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکەوە، بڕیاریان داوە مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ڕابگرن.

میدیا ئەڵمانییەکانیش ڕایانگەیاندووە، بڕیارى کشانەوەی هێزەکانى ئەڵمانیا بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش.

لە لایەکی  ترەوە حکومەتی هۆڵەندا ڕایگەیاند، بەهۆی مەترسی ئەمنیەوە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی و  ڕاهێنانی تیمەکانیان بە هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە ڕاگرت..

ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندا بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە حکومەتی وڵاتەکەی ئەو هەنگاوەی ناوە لە عێراق..

هاوکات جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هۆکارى ڕاگرتنى مەشقى سەربازى لەلایەن ئەمریکا و ئەڵمانیاوە پەیوەندی بە گرژییەکانى ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە و بۆ ماوەیەکى کاتییە.

ڕاشیگەیاند، هەردوو وڵات هێزەکانیان گەڕاندووەتەوە بنکە و باڵیۆزخانە و کونسوڵییەکانى خۆیان و تا ئێستا وەزارەتى پێشمەرگە ئاگادارى ئەو بڕیارە نییە.

ئەڵمانیا ١٦٠ راوێژکار و سەربازی لە عێراقە بۆ ڕاهێنان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و ١٠٠ سەربازیان لە هەرێمی کوردستانن راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە دەکەن.