سەردێڕ:

سەنتەرى میترۆ ئیدانەى دەستگیرکردنى تیمى ئێن ئاڕ تى لە کەرکوک دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-15

589 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ئیدانەى دەستگیرکردنى تیمى ئێن ئاڕ تى و ڕۆژنامەنووسەکەى سایتى کەرکوک ناوى لە کەرکوک کرد.

سەنتەرى میترۆ لە بەیاننامەیەکدا داواى لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد، داوا بكەن دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی جدی لە دەستبەسەركردن و سوكایەتیكردن بە رۆژنامەنووسان بکرێت.

ڕاشیگەیاندووە، لە ناوچە جێناكۆكەكان كە ناسراوە بە ناوچەكەكانی مادەی ١٤٠ ی دەستور، رۆژنامەنووسان مامەڵەیەكی خراپیان بەرامبەر دەكرێت و ژینگەیەكی دوژمنكارانە بەرامبەر بە پیشەكەیان دەكرێت كە كاری رۆژانەی خۆیانە.

هاوکات لقى کەرکوکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کورستان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەى دەستگیرکردنى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى کرد و ڕایگەیاند، " سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەکە ئاگاداردەکەینەوە ئەگەر لیژنە ئەمنییەکان دەستبەرداريی ئە وجۆرە سوکایەتی و پێشێلکاریە نایاسایانە نەبن، ئێمە ناچار دەبين هەڵوێستی جیاواز وەربگرین و لەڕێگەی ڕێپێوان و تۆمارکردنی سکاڵاوە ڕێگە بەم دۆخە خراپە بگرین و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مەدەنیەکانی جیهانی لێ ئاگاداربکەینەوە."

داواشيكردووە، "ئەنجامدرانی ئەو پێشێلکارییە بە زووترین كات داوای لێبوردن لەڕۆژنامە نووسەکان بکەن و ڕوونکردنەوەی تەواوبدەن لەسەر دۆخەکە. "

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هێزێکى ئەمنى لە کاتی ڕووماڵی ئاڵۆزییەکانی نێوان هاوڵاتیانی کورد و عەرەبی ناوچەکە لەسەر کێشەی زەوی و زار ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دەستگیرکرد و دوای دەستبەسەرکردنیشیان بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر تیمی ڕۆژنامەوانی ئێن ئار تی و ڕۆژنامەنووسەکەى کەرکوک ناو ئازاد کران.