سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبەکەی راگەیاند

فۆتۆ: 
2019-05-15

12930 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ئومێد چۆمانی

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆمەلی ئیسلامی کوردستان راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ چارەسەرنەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەی گەڕاندەوە.

عەباس محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی لە کۆمەڵی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ "سەروەرنەبوونی بنەماکانی شورا و پابەندنەبوون بە راسپاردەکانی کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی و رازی نەبوون بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی حزب بە تایبەت لە مەڵبەندی ٣ و ١١ی هەولێر".

باسی لەوەشکرد، "پابەندنەبوون بەو بنەما شەرعیانەی کە کۆمەڵێ ئیسلامی لەسەر دامەزراوە، دیارترینیان نەبوونی دادگەری بەجۆرێک تا ئێستاش ئەوانەی لەچینی بەرز دەژین ئامۆژگاری خەڵکە رەشووڕووتەکە دەکەن کە ئارامبگرن".

ئەوەشی خستەروو، هۆکارێکی تری دەستلەکارکێشانەوەکەی دەگەڕیتەوە بۆ " داخراوی گوتاری سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، بەجۆرێک لە ئاستی خواست و ماندووبنەکانی ئەواندا نیە و ئەگەر کۆمەڵ بەمجۆرە بەردەوامبێت تا دەیان ساڵی تر لەو ریتمە کلاسیکیە و لە بازنە بچوکە ناچێتەدەرەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا سێ ئەندامی سەرکردایەتی و ژمارەیەک کادری باڵای کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەهۆکاری کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان دەستیان لەکارکێشایەوە.

هـ.ع