سەردێڕ:

سەعدى پیرە: لێکۆڵینەوە لەو فەرمانبەرە یەکێتییانە دەکرێت کە دوورخراونەتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-15

6360 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی یەکێتى، دوورخستنەوەى فەرمانبەرانى یەکێتى لە دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بە بڕیارێکى چاوەڕواننەکراو ناوبرد و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێت و بەم زووانەش ئەنجامى دەبێت.

سەعدى پیرە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەو بڕیارە کتوپڕ و بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو بوو و وەک کاردانەوەش بە کارێکی باشمان نەزانیوە، چونکە دەبووایە چاوەڕوان بکرێت لەبەر ئەوەی زۆری نەماوە سەرۆکی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەکاربێت".

ڕاشیگەیانووە، ئەو بڕیارە "لە ڕووی یاساییەوە گونجاو نییە و جێگای ڕەزامەندی یەکێتی نییە، پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە قسەی لەسەر دەکرێت، بۆ هەر ڕووداوێک قسەی خۆمان دەبێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێى نووسراوێکی نهێنی کە دەست ئێن ئاڕتی کەوتووە، سەرجەمی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە پشکی یەکێتین و لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم دەوام دەکەن، بەبێ ئاگاداری خۆیان ڕاژەکەیان گواستراوەتەوە بۆ چەند وەزارەتێکی دیکە.

دواتریش ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، گواستنەوەى فەرمانبەرانى یەکێتى لەسەرۆکایەتى هەرێم جێگای نیگەرانیە و ئەگەر سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئایندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا نەخشێنێتەوە، چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشن، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە.

ئ.ر