سەردێڕ:

سوپای ئەمریکا: هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

یەکەیەکی سوپای ئەمریکا لە ناوخۆیی عێراق
فۆتۆ: 
2019-05-15

46685 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەهۆی هەڕەشە کتوپڕەکان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هاوپەیمانی نێودەوڵەی ئاستی ئامادەباشی هێزەکانی خۆی بەرزکردەوە.

لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئەمریکا ئەمشەو بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە، ئەویش بەهۆی بوونی هەڕەشە لەلایەن ئەو هێزانەوە کە لە لایەن ئێرانەوە کۆمەک و پشتیوانی دەکرێن لە ناوچەکەدا.

لەو بارەیەوە بێڵ ئۆربان وتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەچەکدارەکانی ئەمریکاوە و بەرپرس لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وئاسیای ناوەڕاست ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خراونەتە پلەیەکی بەرزی ئامادەباشییەوە، چاودێری ئەو هەرەشانەش دەکەین، کە پێدەچێت هەڕەشەی دڵنیاکەرەوە بن".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای ئەمریکا وتی "هەڕەشەکان بۆسەر سوپای ئەمریکا لە عێراق پێدەچێت کتوپڕ و چاوەڕواننەکراون بن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە نزیکەوە چاودێری ئەو هەڕەشانە دەکەن کە راپۆرتە هەواڵگرییەکان پشتڕاستیانکردووەتە بۆ سەر هێزەکانی  ئەمریکا لە عێراق.

لە لایەکی ترەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕی ناوبێت لەگەڵ ئێران، بەڵام بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی لەسەر تاران.

لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشەدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە سوچی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەیان وەک پێویست دەبێت لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئێرانیدا، کە بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، جیاوازییەکی گەورەیان هەیە لەگەل واشنتۆندا سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

کۆنگرەی لوتکەی نێوان مۆسکۆ واشنتۆن لە کاتێکدایە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزییەکی توندا تێپەڕ دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا هێزێکی زۆری دەریایی خۆی گەیاندووەتە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە وەک خۆی دەڵێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تارانە بۆ سەر هێزەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

ع.م