سەردێڕ:

گەنجە دانەمەزراوەکانی هەڵەبجە چوونە هەولێر بۆ ناو نووسین لە تۆماری بێکاری

هەزاران کەس چاوەڕوانی دامەزراندنن
فۆتۆ: 
2019-05-14

2291 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە  گەنجە دانه‌مه‌زراوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ چوونە هەولێر بۆ ناونوسین له‌ تۆمارى بێكارى له‌ وه‌زاره‌تى كار و کاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى، هەموویان بە چواردەورى پاسێکی‌ وەزارەتەکە گردبوونەوە، بۆئه‌وه‌ى كه‌مێك زووتر ناوى خۆیان وەک بێكار لاى حكومه‌ت تۆمار بكه‌ن.

ناونوسینی ئەو دانەمەزراوانە وەک بێکار لەکاتێکدایە، بەپێی نوسراوێک کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە و واژۆی نێجیرڤان بارزانی لەسەرە، فەرمان کراوە بە دامەزراندنی 58 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست، بڕیارەکە لە یانزەی مانگی رابردوو دەرچووە و پاش ١٠ ڕۆژیش لە دەرچوونی بڕیارەکە ئەو فەرمانبەرانە لە بەڕێوەبەرایەتی باج و خانوبەرەی میری دەستبەکاربوون.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت هەرچەندە ئەوان ناتوانن بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکان بکەن کە لەم کابینەیەدا دروست دەبێت بەڵام نەدەبوو بەو نهێنیە دامەزراندنەکە بکرایە و سوود لەو کەسانە وەربگیرایە کە ساڵانێکە خوێندنیان تەواوکردووە و چاوەڕوانی دامەزراندنن.

دامەزراندنی ئەو ٥٨ کەسە لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە دامەزراندن ڕاگیراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەرچووی زانکۆ پەیمانگاکان تا ئێستا دانەمەزراون.

ئەمە جگە لەو دەرچوانەی لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانیان پلەی یەکەم و دووەم و سێهەم بەدەست دەهێنن و سێ ساڵە هیچ یەکێکیان دانەمەزراون و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جار بەمەبەستی دامەزراندنیان گردبوونەتەوە.

ع.م