سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ئاگر زیانی بە ٢٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و پاوانی گەرمیان گەیاند

فۆتۆ: 
2019-05-14

2576 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسێکى پاراستنى دارستان و ژینگە بە چاکەتەکەى هەوڵى کۆنترۆڵکردنى ئاگرێکى گەورە دەدات، ئەمە بە هەوڵێکى سەرەتایی دەزانێت تا ئەوکاتەى تیمەکانى بەرگرى شارستانى دەگەنە شوێنەکە و بە ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکەن.

ئاگرەکە لە ناو پووشوپاوانى پاشماوەى کێڵگەیەکى جۆدا کەوتووەتەوە، خاوەنى کێڵکەگە دەڵێ بەهۆى شۆرتى کارەباوە بووە لە یەکێک لەو ستوونانەى کارەباوە کە کەوتوونەتەوە ناو کێڵگەکەوە، لەوکاتەبووە کە دەڕاسەکان لە کێڵگەکەدا دروێنەى جۆیان کردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەى ئاگردا بۆ پاراستنى ئامێرەکانیان کێڵگەکەیان بەجێ هێشتووە.

ئاگرەکە تەنها زیانى بە ڕووبەرى نزیکەى ٢٠ دۆنم زەوى پووشوپاوان گەیاندووە، تیمەکانى بەرگرى شارستانى و پۆلیسی پاراستنى دارستان و ژینگە توانییان کۆنترۆڵى بکەن پێش ئەوەى بگاتە کێڵگەکانى گەنم و جۆ کە لە تەنیشت کێڵگە گڕگرتووەکەوە بوون و بەهۆى خێرایی باوە ئاگرەکە بە تەوژمێکى زۆرەوە ڕووى لێ کردبوون دوور نەبوو بەرهەمێکى زۆری جوتیاران بسووتێنێت.

هێشتا سەرەتای وشکبوونى گژوگیا و گەنم و جۆیە و تەنها لە بەشێک لە ناوچە دەشتاییەکانى گەرمیاندا گیا وشک بووە، بەڵام بەهۆى زۆرى و چڕى گژ و گیا و پووشوپاوانەوە لە ئەنجامى بارانى زۆردا، مەترسییەکى زۆر لەسەر بەرهەمى گەنم و جۆى جوتیاران و پووشوپاوانى لەوەڕگا سروشتییەکان هەیە.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى گەرمیان ئاماژەی بەوەکردووە بەهۆی هاتنى وەرزى وشکبوونى گژوگیا و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هەر ڕووداوێکى ئاگرکەوتنەوە ٨ تیمى تایبەتیان دروستکردووە کە لە ٨ ناوچە و گوندى جیاوازدا جێگیریان دەکەن.

ع.م