سەردێڕ:

وردەکاریی هەوڵی دابەشکردنی پشکی حزبەکان لە حکومەتی هەرێم

دەدرێن بەکەسانی حزبی و سەربازیی پلە باڵا
فۆتۆ: 
2019-05-14

6287 جار خوێندراوەتەوە

پارتى و یەکێتى و گۆڕان کێکى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمیان لەنێویاندا دابەشکردووە و لەئێستاشدا بەرپرس و باڵەکانى هەریەک لەو لایەنانە لە هەوڵى ئەوەدان لەو قاشە کێکەى بەریان کەوتووە زۆرترین بەشى بۆ خۆیان و کوتلە و کەسە نزیکەکانیان بەدەستبهێنن.

پشکى پارتى لە کابینەى نوێدا سەرۆکى هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نۆ وەزارەت و پۆستى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و وتەبێژى حکومەت و چەند پۆستێکى دیکەى بەرکەوتووە، بەپێى زانیارییەکانیش پارتى لە پشکى خۆى دوو وەزارەتى داوە بە پێکهاتەی مەسیحی و حزبی سۆشیالیست.

دواى یەکلاییکردنەوەى پشکى پارتى لە کابینەى نوێدا و جێگیربوونى شوێن پێى ئامۆزاکان لە دوو سەرۆکایەتیدا، لەئێستادا نێچیرڤان بارزانى دەیەوێت پاش نەمانیشى لە ئەنجومەنى وەزیران، وەزیرەکانى تیمى پارتى کەسانى نزیک لەخۆى بن، هەروەک مەسرور بارزانییش دەیەوێت جێدەستى نێچیرڤانى ئامۆزاى لە ئەنجومەنى وەزیراندا بە تەواوى بسڕێتەوە، لەسەر وەزارەتەکانى سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و ئەنجومەنى ئاسایش ناکۆکى لەنێوان مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانیدا هەیە.

پشکى یەکێتییش لەم کابینەیەدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و شەش وەزارەت و سێ دەستە و چەند پۆستێکى دیکەیە.

لەگەڵ پڕكردنەوەی پۆست و بەركەوتەكانی یەكێتی، هۆشداری و پەیام دراوەتە یەكێتی، لەسەر بنەمای جوگرافی و شایستەیی، پۆستەكان پڕبكاتەوە، نەك لەسەر بنەمای تەكەتول و باڵەكان، کە پێشتر بەرپرسانى باڵە جیاوازەکانى یەکێتى کوڕ و کەسوکارى خۆیان دەکرد بە وەزیر و لە ئێستاشدا هەوڵى ئەوە دەدرێت.

عارف قوربانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، پەیامێكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەکێتى نوسیوە و تیایدا داوادەكات پشك و پۆستەكانی یەكێتی لەنێو باڵ و تەكەتولەكان دابەش نەكەن، بەڵکو لەسەر بنەمای شارەكان پڕیان بكەنەوە، دەشڵێت وا باش بوو سێ پۆستە باڵاکەى هەرێم  بە یەكێتییەكانی سلێمانی و كەركوك و هەولێر پڕ بكرانایەتەوە، بەڵام هەرسێكی دراوە بە سلێمانی.

هاوکات بورهان محەمەد فەرەج، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە پشکى یەکێتى، داوا لە حزبەکەى دەكات، پۆستەكان بەپێی چەند ڕاپرسییەكی نهێنی لەناو خەڵك و مەڵبەندەكاندا نمرەی بۆ دابنرێت.

داواکارییەکانى کادرانى یەکێتى لەکاتێکدایە مه‌حمود سه‌نگاوی ئەندامى مەکتەبی سیاسیی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە كاروانى کوڕى كاندیده‌ بۆ پۆستی وه‌زیری پلاندان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا و ڕێگه‌ش به‌ غه‌در لێكردنی نادات. ئەوەش لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانى و کوڕانى کۆسرەت ڕەسوڵ چاویان لە وەرگرتنى پۆستە، لەناو باڵەکانى ئەو حزبەشدا بۆ پۆستێک زیاتر لەکاندیدێک هەن.

پشکى گۆڕانیش لە کابینەى نوێى حکومەت جێگری سەرۆکی هەرێم و یاریدەدەرى سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی و چوار وەزارەت و چەند پۆستێکى دیکەیە.

بەپێى زانیارییەکانیش بەشی زۆرى ئەو کەسانەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ وەرگرتنى پلە و پۆستەکان دەستنیشانى کردوون، یەکێتییە کۆنەکانى ناو گۆڕانن و گرنگییەکى کەم دراوە بەکەسایەتییەکانى دیکە کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو دەیانەوێت کابینەى نوێ حکومەتێکى تەکنۆکرات بێت.

بە چاوخشاندنەوەیەک بەناوى ئەو کاندیدانەى کە تائێستا ئاشکرابوون، زۆربەیان کەسانى پلە باڵاى حزب و زیاتریش کەسانى سەربازین و کەمتر ناوى خەڵکانى تەکنۆکرات بۆ وەرگرتنى پۆستەکان دەهێنرێت.

ع.م

<p dir="RTL" style="text-align: justify;">