سەردێڕ:

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق ئیدانەی دەستگیرکردنی تیمی ئێن ئاڕ تی دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-14

815 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق، ئیدانەی دەستگیرکردنی تیمی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کاروان ستاری  ڕۆژنامەنووس لە سایتی کەرکوک ناو دەکات، کە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی گوندی پەڵکانەی قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکران.

 لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەمە (١٤ی ئایاری ٢٠١٩) سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق، ئۆباڵی ئەو هەڵسوکەوتە و پاراستنی سەلامەتی گیانی ئەو تیمە ڕۆژنامەوانییە دەخاتە ئەستۆی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و لایەنە ئەمنییەکانی بەرپرس لە پارێزگاکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئیدارەی ماڵپەڕی کەرکوک ناو ئاگاداری یەکەی چاودێری سەندیکای نیشتیمانی ڕۆژنامەنووسانی عێراقی کردووەتەوە لەوەی، کە هێزێکی موغاویری سوپای عێراق لە فریقەی ١٤ کاروان ستار پەیامنێری کەرکوک ناو و ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی و کامێرا مانەکەیان لە گوندی بەڵکانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبزی پارێزگای کەرکوکیان دەستگیر کردووە.

ئەو هێزە لە کاتی ڕووماڵی ئاڵۆزییەکانی نێوان هاوڵاتیانی کورد و عەرەبی ناوچەکە لەسەر کێشەی زەوی و زار ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستگیر کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر تیمی ڕۆژنامەوانی ئێن ئار تی ئازاد کران.

ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کەرکوک دوای ئازادکردنی بە دیجیتاڵی میدیای ئێن ئاڕ تی وت، تیمەکەیان بە کەفالەت ئازاد کراون.

وتیشی لەکاتی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەشکەنجەدراون و سوکایەتییان پێکراوە.

هاوکات لەگەڵ تیمی ئێن ئاڕتی ڕۆژنامەنووس کاروان ستار پەیامنێری کەرکوک ناویش ئازاد کرا.

ع.م