سەردێڕ:

​بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی زێراب و فڕێدانی پاشماوەکانەوە چەمی قلیاسان و تانجەڕۆ پیسبوون

فۆتۆ: 
2019-05-14

1383 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر ئاو بناغەیەک و ھۆکارێکی سەرەکی بەردەوامی ژیان بێت لەسەر زەوی ، ئەوا ئەو بناغەیە لەبەردەم ھەڕەشەی لەناوچووندایە.

ئاوی زێرابی سەرجەم ماڵ و شوێنە گشتییەکانی سلێمانی دەرژێتە  چەمی قلیاسانەوە، کە ئەوەش سەرچاوەی ئاوەکەی پیسکردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەھۆی فڕێدانی پاشماوەکانی ناوچەی پیشەسازییەوە چەندین تەن ڕۆن و نەوتی ڕەش دەچێتە ئاوی تانجەرۆوە، بەشێکی ژینگەپارێزانیش پێیان وایە بەر لەوەی کارەساتی گەورەی ژینگەیی ڕووبدات پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کیشەکە بدەن.

ھاوکات بەھۆی بۆن و پیسبوونی ژینگەی تانجەرۆوە ژمارەیەک لە خەڵک ناوچەکەیان جێھێشتووە.

لەساڵی ٢٠١٦ بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی ناوچەکە کۆمپانیایەکی بەریتانی پرۆژەیەکی بۆ پاککردنەوەی ئاوی تانجەرۆ دەستپێکرد و سەرجەم کارەکانیشی تەواوبوو، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە ڕاگیراوە و تا ئێستا دەستبەکار نەبووەتەوە.

ھەرچەندە پرۆژەی ریسایکلین، لە ساڵی ٢٠١٣ وە  لەنێوان دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت و حکومەت واژۆ کرا، بەڵام بەھۆی پێنەدانی دڵنیاییەوە لەلایەن حکومەتەوە بەو دوو کۆمپانیایە، پرۆژەکە ڕاگیرا.

پڕۆژەکە لەتوانایدابوو ساڵانە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ھەزار تەن پاشماوە بکاتەوە بە مادەی خاو و جارێکی تر بەکاربھێندرێتەوە.