سەردێڕ:

خامنەئی: شەڕ ​ڕوونادات

فۆتۆ: 
2019-05-14

14490 جار خوێندراوەتەوە

عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا ڕوونادات، بەرگریش تاکە بژاردەی گەلی ئێرانە و ڕەتیشیکردەوە هیچ وتوێژێک لەگەڵ واشنتۆندا بکات.

عەلی خامنەئی لە میانی پێشوازیکردن لە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئێراندا ڕایگەیاند، تاکە بژاردەی بەردەستی ئێران بەرگرییە لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکادا، جەنگی ئێستاش جەنگی ئیرادەیە و ئێران سەرکەوتنی تیا تۆمار دەکات.

ڕابەری باڵای ئێران جەختیکردەوە، ئێران هەوڵی بەرپاکردنی جەنگ نادات، بە هەمان شێوە ئەمریکا نایەوێت شەڕ ڕووبدات، چونکە تێدەگات شەڕکردن لە بەرژەوەندیی نییە.

لە بەشێکی وتەکانیدا عەلی خامنەئی جەختیکردەوە، سەرکردایەتی ئێران ڕەتیدەکاتەوە وتوێژ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکات سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی وڵاتەکەی.

رابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، بیرۆکەی گفتوگۆ لەگەل ئەمریکادا "ژەهرێکی کوشندەیە" و مادامێکی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەم شێوەیە مامەڵە دەکات، وتوێژکردن بە مانای مامەڵەکردن، بەڵام بەلای ئەمریکاوە گفتوگۆکردنە سەبارەت بە خاڵە بە هێزەکانیان.

ڕابەری باڵای ئێران ڕوونیکردەوە، ئەمریکا ناچار دەبێت پاشەکشە بکات  لە بەرامبەر ئێراندا و سەرکردایەتی ئێران بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ ناکات لەسەر سیستمە موشەکییەکەی وڵاتەکەی.

لە کۆتایی وتەکانیدا خامنەئی جەختیکردەوە ئێران خاوەنی قوڵاییەکی ستراتیژی گرنگە لە ناوچەکەدا و بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکات، ئاشکراشە هەر کەسێک بە دەنگی بەرز هەڕەشە بکات هێزی ئەوەی نییە هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات.

ئەو لێدوانانەی ڕابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێیەوە و هەردوولا هەڕەشە لە یەکتری دەکەن و ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی بۆ ناوچەی کەنداو بەڕێخستووە، وەک خۆی دەڵێت بۆ بەرپەرچدانەوی هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ سەر هێزەکانی لە ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی.

ع.م