سەردێڕ:

تیمەکەی ئێن ئار تی لە کەرکوک بە کەفالەت ئازاد کرا

فۆتۆ: 
2019-05-14

1288 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد

 دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر تیمی ڕۆژنامەوانی ئێن ئار تی ئازاد کران.

ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کەرکوک دوا ئازادکردنی بە دیجیتاڵی میدیای ئێن ئاڕ تی وت، تیمەکەیان بە کەفالەت ئازاد کراون.

وتیشی لەکاتی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەشکەنجەدراون و سوکایەتییان پێکراوە.

هاوکات لەگەڵ تیمی ئێن ئاڕتی ڕۆژنامەنووس کاروان ستار پەیامنێری کەرکوک ناویش ئازاد کرا.

ئەمڕۆ تیمێکی ئێن ئاڕ تی لە لایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکران و بۆ لێکۆڵینەوە برابوون بۆ بارەگای کردە سەربازییەکانی کەرکوک.

تیمێکی ئێن ئاڕ تی کە پێکهاتوون لە ئاسۆ ئەحمەدی پەیامنێر و هاوتا بەهرۆز کامێرامان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان دەستگیرکراون.

 پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، بە بیانوی ئەوەی تیمەکەی ئێن ئاڕ تی مۆڵەتی رووماڵکردنی چالاکییەکانی لە ناحیەی سەرگەڕاندا نەبووە، لەلایەن یەکەیەکی فیرقەی ١٤ەوە دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تیمەی ئێن ئاڕ تی لە گوندی پەڵکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان دەستگیرکراون و سەرجەم کەرەستە رۆژنامەوانییەکانی تیمەکە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەوەش لە کاتێكدایە بەبەردەوامی تیمەکانی ئێن ئاڕ تی لە شار و شارۆچکەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رووبەڕووی گرتن و رێگریکردن لە روماڵکردنی چالاکییەکان دەبنەوە.

ع.م